٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لەو دوو حەفتەیەدا سەرجەم حزبەكان دەسازێن"

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info-(عەتا سەراوی) دەڵێ لەم هەرێمەی ئێمەدا کار بە زۆرینەوکەمینە سەر ناگرێت و، هیچ شتێك بەبێ سازان ناكرێت؛ لایەنە سیاسییەكان دەبێت لە دەرەوەی پەرلەماندا لەسەر  بابەتی چارەنووسگۆڕ پێکەوە بسازێن و، ڕیک بکەون؛ ئینجا بببەنە پەرلەمان و، یاسای بۆ دەربكرێت. هەق نییە لایەنەكان لە ڕوانگەی تەسكی حزبییەوە بڕواننە بابەتەکاندا و، بیکەنە دووبەرەکی.

(عەتا سەراوی) ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "یەكێتیی پڕۆژەی خۆی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە دەربارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم, بەڵام پێم وایە لەم هەرێمەی ئێمەدا هیچ شتێك بەبێ سازان و تەوافق ناكرێت و پێوەری زۆرینەوكەمینە پێشتر  لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا تاقی كراوەتەوە و، سەری نەگرتووە؛ پێوەروپێودانگی ئۆپۆزسیۆنایەتیش هەر سەری نەگرتووە؛ وا ئێستا پێوەری سازان و حكوومەتی بنكەفراوانمان هەیە، بۆیە دەبێت لایەنە سیاسیەكان بەر لەوەی بابەتێکی چارەنووسسازی نەتەوەیی و نیشتمانی لە پەرلەماندا بورووژێنن، پێکەوە بسازێن و، لەسەری ڕێک بکەون؛ سازانێكی وا كە بە گوێرەی سەنگ و کێشی لایەنەکان، بۆچوونەکەیان ڕەچاو بکرێت. ئینجا بابەتە بنێرنە پەرلەمان، هەتا بەرگی یاسایشی پێدا بگرن."
)سەراوی) دەیشڵێ، گەشبینە كە سەرکردایەتیی حزبەکان بەرپرسانە مامەڵە دەکەن و، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم دەسازێن و، ڕێک دەکەون؛ ئاخر چارەنووسی هەموومان بەستراوەتە یەکەوە و، هەموومان لەناو یەك پاپۆڕداین. هەق نییە هەندێ وشکەحزبی، لە بابەتێکی ئا وا گرنگدا دووبەرەکی بنێنەوە؛ هەرهەموو حزبەکان، پێکەوە لە یەك بەرەی نیشتمانی و نەتەوەییداینە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان گوتیشی: "وای دەبینم هەتا دوو حەفتەی دی سەرجەم حزبەكان دەربارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستوور، بسازێن و ڕێک بکەون و، بڕیارێکی چارەنووسسازی لێ دەدەن؛ ئاخر ئەم قۆناغە، گەلێ هەستیار و چارەنووسگۆڕە و، كورد لە قۆناغی فیدراڵییەوە بەرەو قۆناغی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت و، ناكرێت لایەنە سیاسیەكان لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و دەستوور نەسازێن و، ڕێك نەکەون. دڵنیایشم دەسازێین و ڕێک دەکەوین."
سەرباز واحید
 

هەواڵی پەیوەندیدار