لە برۆکسل کار بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ دەکرێ

برۆکسل-KDP.info- لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆنگرەی پاڵپشتیکردن لە کۆبانێ و دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە دەستی پێکرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 1-7-2015 لە هۆڵی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا و بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومی وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتیی ئەورووپا و ئەمەریکا و نوێنەری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆنگرەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ بە دروشمی ( ئەورووپا بانگەواز لەپێناو دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ دەکات) دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 3 رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا (ئەنوەر موسلم) هاوسەرۆکی کانتۆنی کۆبانێ گوتارێکی سەبارەت بە رەوشی ژیانی خەڵک لە شارەکە پێشکەش کرد و گفتوگۆ لەبارەی پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە و کارانە کرا، کە لە رێگەیەوە دووبارە شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان ئاوەدان دەکرێتەوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا بڕیارە لیژنەیەک بۆ ئالیەتی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانێ و پاڵپشتیکردن لە شارەکە و بارودۆخی ئاوارەکان پێکبهێندرێت.
٢٥ـی ئەم مانگەیش (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا بۆ کۆبانی داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد كە چۆن پێشتر هاوكار و یارمەتیدەری كۆبانێ بوونە ئێستایش بەردەوام بن لە یارمەتیدانی خەڵكی كۆبانێ و بیپارێزن. هاوکات داوای لە هێزی هاوپەیمانان کرد بەردەوام بن لە هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و گەلی كوردستان لە هەڕەشەكان بپارێزن. بە پێویستیشی زانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ڕێگایەك بۆ یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە كۆبانێ و ڕۆژئاوای كوردستان بگرێتەبەر.




