٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

باڵیۆزى هەنگاریا: هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەى گەشتى ڕاستەوخۆى نێوان هەولێر و بۆدابێست بکرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق ڕاگەیاند، وێڕای ئارەزوویان بۆ فراوابترکردنیان، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا لە ئاستێکى زۆر باشەدایە و، بە کردار حکوومەتى هەنگاریا لە زۆر ڕەوەو بەتایبەت لە بوارى سیاسى، سەربازى، خوێندنى باڵا، کەرتى نەوت، وەبەرهێنان لەگەڵ هەرێمى کوردستان پەیوەندى هەیە.

(د. تیبۆر ستمارى) هەروەها گوتیشی، کۆنسووڵگەریى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان ڕاستەوخۆ ڤیزا بە هاووڵاتیان دەدات، "دەتوانین لە بوارى گەشت و گوزار و شوێنەواریش هاریکار بین، لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ لە ئارادایە بۆ ئەوەى گەشتى ڕاستەوخۆى نێوان هەولێر و بۆدابێست بکرێتەوە."

باڵیۆزى هەنگاریا لە عێراق کە لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵای ‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی کردن، گوتیشی: "هەوڵ دەدەین پەیامى هەرێمى کوردستان بگەیێنینە حکوومەتى هەنگاریا بۆ ئەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان هەنگاوى کردارى بنێن بۆ جێبەجێکردنى خاڵ و بڕگەکانى ڕێککەوتنامەکە."

کۆبوونەوەکە بە ئامانجى جێبەجێکردنى بڕگەکانى ئەو ڕێککەوتننامەى نێوان حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وڵاتی هەنگاریا بوو کە لە (١٢/١١/٢٠١٤) ئیمزا کرا.
لەو کۆبونەوەیەدا (د.یوسف گۆران)  گوتى، بە جیددى هەوڵ دەدەن دەقى ئەو خاڵانەى لە ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە جێبەجێیان بکەن، "بەهۆى ئەو ڕێککەوتنەمانەوە دەتوانین دەرگایەکى بەهێز بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانمان بکەینەوە.


لە (١٢/١١/٢٠١٤) یاداشتى لێکگەیشتن لە نێوان قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەزیرى دەرەوەى هەنگاریا ئیمزا کرا، دواتریش بۆ جێبەجێکردنى ڕیککەوتننامەکە، لە (٣٠/٤/٢٠١٥) لێژنەیەکى هەشت کەسى پێکهێنا.
 

هەواڵی پەیوەندیدار