عارف روشدی: پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بانگەوازێكی بەرپرسانەیە

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان(عارف روشدی) دەڵێت، پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بانگەوازێكی بەرپرسانەیە كە ئاڕاستەی گەل و لایەنە سیاسییەكان كراوە، بۆیە گرینگە هەموومان پشتیوانیی (سەرۆك بارزانی) بكەین تا بە سەركەوتوویی لەم قۆناخە دەرباز بین.
(عارف روشدی) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بانگەوازێكی بەرپرسانەیە كە ئاڕاستەی گەل و لایەنە سیاسییەكان كراوە، لەپێناو كاركردن لەسەر بنەما و پرەنسیپی سازان كە شێوازی كاری سیاسی و نەخشەی پێكهاتەی دامودەستگاكانی حوكمڕانیی لە هەرێم داڕشتووە".
(روشدی) گوتیشی: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك ئەركێكی نیشتیمانی پەیامەكەی گەیاند و زۆر بە ڕوونییش باسی لە مەبەستی هەوڵەكانی پێشووتری كردووە، بۆیە وەك ئەركێكی نیشتیمانی پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان، لەبەر رۆشنایی ئەو پەیامەدا هەنگاو بنێن و بەرژوەندیی باڵای گەل و وڵات لە بەرچاو بگرن و لە بەرژوەندییە حیزبییەكان دوور بكەونەوە".
ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕوونیشی كردەوە، كوردستان لە دووڕێیانێكی چارەنووسسازدایە، دۆخەكە وا دەخوازێ ئەم دەرفەتە لەبار نەچێت و بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی ئاواتە رەوا و دێرینەكانی گەلەكەمان بەدی بێنین و هەوڵەكانی ناحەزان پووچەڵ بكەینەوە، زۆریش گرینگە هەموومان پشتیوانی لە سەرۆكی هەرێم و هەوڵەكانی بكەین، تاوەكو بە سەركەوتوویی لەم قۆناخە چارەنووسسازە دەرباز بین".
راشیگەیاند، هەرچی یاسا و رێسا هەیە لە هەموو شوێنێكی جیهاندا لە پێناو خۆڕێكخستنەوە و سوودمەندبوونی مرۆڤدایە، بۆیە پێویستە بەو ئاڕاستەیە و بەپێی هەستیاریی قۆناخەكە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە پەیامێكدا رایگەیاند، "لە ماوەی ڕابردوودا هەموو كارە سەرەكییەكانم لە ڕێگەی تەوافوق و وەرگرتنی ڕای لایەنەكان ئەنجام داوە و ڕێزیشم لە سازان و ڕێككەوتنی لایەنەكان لەناو خۆیاندا گرتووە و، یارمەتیم داون ئەو سازانەیان شێوەیەكی یاسایی وەربگرێت".
ڕوونیشی كردەوە، "ئەوەی رۆژی ٢٣/٦/٢٠١٥ لە پەرلەمان ڕووی دا، مەترسییە لەسەر بنەما و پرەنسیپی تەوافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون".
بڵند ئیبراهیم




