لێهاتووی پێشمهرگه لهمهشق و راهێناندا شاندێكی كۆنگرێسی سهرسام كرد

ههولێر-KDP.info- شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا لهمیانی سهردانیان بۆ لای سهرۆكوهزیرانی كوردستان، دەستخۆشی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان توانیویانە بوێرانە ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش ببنەوە و پاشەكشێیان پێ بكەن و ناوچەكانی خۆیان لە ترسی تیرۆر بپارێزن و ئەمەشی بە جێگەی ڕێز و شانازی لە قەڵەم دا، هەروەها دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو دۆستایەتییەی دووپات كردەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 29/6/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی (ڕۆب ویتمەن) كرد.
لە دیدارێكدا كە ( قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، (ویتمەن) دەستخۆشی لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرد كە هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان توانیویانە بوێرانە ڕووبەڕووی هێرشەكانی تیرۆرستانی داعش ببنەوە و پاشەكشێیان پێ بكەن و ناوچەكانی خۆیان لە ترسی تیرۆر بپارێزن و ئەمەشی بە جێگەی ڕێز و شانازی لە قەڵەم دا، هەروەها دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و پتەوكردنی زیاتری ئەو دۆستایەتییەی دووپات كردەوە.
شاندی كۆنگرێسی ئەمەریكا باسیان لەوە كرد كە لە كاتی بەسەركردنەوەی بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان تێبینیی ئەوەیان كردووە هێزی پێشمەرگە زۆر بە باشی لەو بنكانە پەروەردە دەكرێن و سەرسامیی خۆیان بە پابەندی و لێهاتووییی پێشمەرگە لە بنكەكانی مەشق و ڕاهێنان دەربڕی و هیوایان خواست لە كاتێكی نزیكدا سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە بگەڕێتەوە دۆخی جاران.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربارەی بودجە و پابەندنەبوونی بەغدا بە ڕێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەبارەی شایستە داراییەكانی هەرێم و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانەوە بۆ هەرێم و ئەو بارگرانییەی بەوهۆیەوە كەوتووەتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كران.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرۆك (باراك ئۆباما) و ئیدارە و كۆنگرێس و خەڵك و سوپای ئەمەریكا دەربڕی كە لە كاتی تەنگانەدا بە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی، ڕۆڵێكی بەرچاویان بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان لە هێرش و ترسی تیرۆر بینیوە و هیوای بەردەوامیی ئەو هاوكارییانەی خواست بە تایبەتی لە ڕووی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانەوە.
(نێچیرڤان بارزانی) هەروەها داوای لە شاندی میوان كرد هەوڵ بدەن لە بارەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداوە ڕۆڵی خۆیان بۆ چارەكردنی كێشەكان بە شێوەیەكی مەدەنیانە بگێڕن بۆئەوەی شایستەكانی هەرێم بە پێی یاسا و ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دابین بكرێت و مافی خەڵكی كوردستان پارێزراو بێت.




