سهرۆ قادر: پاشهڕۆژی کوردستان پڕشنگدار دەبێت و باشووری کوردستانیش پێشەنگی سەربەخۆیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە

ههولێر-KDP.info- شرۆڤەكاری سیاسی و ڕۆژنامهنووس(سەرۆ قادر) پێیوایە شەڕی داعش شەڕی ناوچەکەیە، داهاتووی کوردستانیش لەم دابەشبوونەدا داهاتوویەکی پڕشنگدار دەبێت و باشووری کوردستانیش پێشەنگی سەربەخۆیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە بەو واقیعەی هەیەتی.
دەوڵەتانی کەنداو پشتیوانی یەکەمی داعشن
(سەرۆ قادر) لە بهرنامهی رووداوی ئەمڕۆی تهلهڤزیۆنی رووداودا، لەبارەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر حوكمڕانیی داعشدا رایگەیاند "داعش زەمینەیەکی کۆمەڵایەتی هەیە، ئەویش بریتییە لە داخرانی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی موسوڵمان لە هەبوونی دەوڵەتانی دیکتاتۆری دروستکراوی دەستی کۆڵۆنیالیزمی، کە لە رێککەوتنی سایکس پیکۆ دروستبوونە، داعشیش لە دەرئەنجامی داخران و سیستەمی فاشیلی دەوڵەتمەداری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروستبوو".
ئەو شرۆڤهكار و رۆژنامەنووسە ئاماژەیشی دا كه "دەوڵەتانی کەنداو پشتیوانی یەکەمی داعش بوونە، هەروەک چۆن پشتیوانی یەکەمی ئەلقاعیدە بوونە"، ئاماژە بەوەش دەدات "داعش سوپای ناڕاستەوخۆی کەنداوی عەرەبییە، بە بەڵگەی ئەوەی سنووریان لەگەڵ زۆرێک لەو وڵاتانە هەیە، بەبێ ئەوەی کێشەیەک هەبێت لەنێوانیاندا".
(سەرۆ قادر) روونی كردەوە "سعوودیە و وڵاتانی کەنداو لە رووی ئایدۆلۆژی و پاڵپشتی داراییەوە لە پشتی هەموو ئەو رێکخراوانەدان، بەڵام کاتێک ئەم رێکخراوانە دەکەونە مەیدان، بێگومان لە دەستی حاکم دەدرچن، نامەوێت بڵێم وردەکاری وردی بزووتنەوەی داعش لە دەستی وڵاتانی کەنداو یان تورکیا یان ئێراندایە، ئێران و وڵاتانی کەنداو و تورکیا و سووریا هەموویان بە شێوەیەکی جۆراوجۆر بەرژەوەندیی خۆیان لە هەبوونی داعشدا دەستەبەر دەکەن".
"شەڕی داعش ئێران و توركیا و سعوودیەیش دەگرێتەوە"
(سهرۆ قادر) لهسهر ئهو باوهرهیه كه، بە لەنێوبردنی داعش دەوڵەتی نوێ و دابەشبوونی نوێ و بەرژەوەندیی نوێ دروست دەبێت و، جهختی كردهوه "شەڕی داعش ئێران و تورکیا و سعوودیەیش دەگرێتەوە، ئەم دەوڵەتانە تەنگوچەڵەمەیان هەیە، داعش ئەم دەوڵەتانە وال ێدەکات داخیلی هاوکێشەی نوێی و شەڕ بکات، ئەم شەڕەش ئەنجامی خۆی دەبێت".
سەبارەت بە ئەنجامی ئەو شەڕانەش دەڵێت "ئەم شەڕە تەنیا شەڕی ئەبوبەکر بەغدایی نییە، شەڕی دابەشکردنەوەی ناوچەکەیە، داهاتووی کوردستانیش لەم دابەشبوونەدا داهاتوویەکی پڕشنگدار دەبێت و، باشووری کوردستانیش پێشەنگی سەربەخۆیی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانە، بەو واقیعەی كە هەیەتی".




