٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەمسا پابه‌ندیی وڵاتەکەیانی به‌ كۆمه‌ككردنی ئاواره‌كانی نیشته‌جێی هه‌رێم ڕاگه‌یاند

سەرچاوە: KDP.info

  نه‌مسا -KDP.info-وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی نه‌مسا (سیباستیان کۆرتیس) ڕایگه‌یاند كه‌ نەمسا پابەندە بە هاوکارى و پشتگیرى مرۆیى بۆ ئاوارە و پەنابەرانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان و ئاماژه‌یشی دا كه‌ هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعش، ئێمە هەوڵ دەدەین هاوکاربین لە چارەکردنى پێشمەرگە بریندارەکان.

لەمیانى سەردانەکەى بۆ نەمسا، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەی ‌‌‌حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا، سەردانى وەزارەتى دەرەوەى نەمسا کرد و بەگەرمى لەلایەن سێبستیان کورتس وەزیرى دەرەوەى نەمسا پێشوازیى لێ کرا.

لە دیدارێکدا، کە د. مستەفا ڕەمەزان نوێنەرى حکوومەتى هەرێم لە نەمسا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی وەزارەتى دەرەوە و نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێم لە نەمسا و بەڕێوبەرانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە ئامادە بوون باس لە پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى نێوان کۆمارى نەمسا و هەرێمى کوردستان کرا.
لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى وەزیرى دەرەوەى کرد بۆ ئەو بەخێرهاتنە گەرمە و باسى پەیوەندییە دۆستانە لەمێژینەکەى نێوان نەمسا و هەرێمى کوردستانی کرد و سەردانى وەزیرى دەرەوە بۆ هەولێر لە سەرەتای مانگى شوباتى ئەمساڵ.
پاشان باسى لەو بابەتانەکرد کە ئێستا ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبنەوە لە ڕووى ئاسایش و مرۆیى و ئابوورى، وەک ئەو ژمارە زۆرەى ئاوارە و پەنابەران کە ڕووبان لە هەرێمى کوردستان کردووە لە ئەنجامى کارە تیرۆریستیەکانى گروپى داعش و تاوەکو ئێستا هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ملیۆنێک‌و٨٠٠هەزار ئاوارەى ناوخۆ و پەنابەر کردووە کە ‌‌حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى و پاڵپشتى ئاژانس و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پێداویستییەکانیان بۆ دابین کردوون؛ بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى و بەردەوامى شەڕ دژى تیرۆر ئەم ئاوارە و پەنابەرانە پێویستیان بە هاوکارى بەردەوام هەیە. هەروەها ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەوەى ڕاگەیاندووە کە بۆ بەردەوامى کاروچالاکییەکانیان بۆ هاوکارى ئاوارەکان پێویستیان بە هاوکارى دارایى زیاتر هەیە.
هەروەها باس لە خەباتى پێشمەرگە کرا دژى گروپى تیرۆریستى داعش و ڕێگەگرتن لە پێشڕەوییەکانى ئەو گروپە و هێزەکانى پێشمەرگە پێویستیان بە پاڵپشتى و هاوکارى وڵاتانى هاوپەیمان هەیە لە ڕووى چەک و مەشق و چارەسەرکردنى برینداران چونکە بەشێک لە بریندارەکان پێویستیان بە چارەسەر هەیە لە دەرەوەى هەرێم.
پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا و چالاکى ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە تەوەرێکى تر دیدارەکە بوون.
لە بەرامبەردا (سیباستیان کۆرتیس) سوپاسى سەردانەکەى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى کرد و، ئەوەى خستە ڕوو کە نەمسا کار دەکات بۆ کردنەوەى کونسوڵگەرى فەخریی وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان وتی نەمسا پابەندە بە هاوکارى و پشتگیرىی مرۆیى بۆ ئاوارە و پەنابەرانى دانیشتووى هەرێمى کوردستان؛ ئاماژه‌یشی دا كه‌ هێزەکانى پێشمەرگە ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەى داعشدا، ئێمە هەوڵ دەدەین هاوکاربین لە چارەکردنى پێشمەرگە بریندارەکان.
هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر هاندانى کۆمپانیاکانى نەمسا بۆ دروستکردنى پەیوەندیی ئابووریى و بازرگانى و پشتگیرییان کرد لە بیرۆکەى ئەنجامدانى کۆنفرانسێکى ئابوورى بۆ لێکنزیککردنەوەى کۆمپانیاکانى هەردوو وڵات.
لە کۆتایى کۆبوونەوەکەدا کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانى بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن ساز کرا لەلایەن وەزیرى دەرەوەى نەمسا و بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە و، دەرەئەنجامى کۆبوونەوەکە و پوختەى گفتوگۆکانیان بۆ ڕۆژنامەنووسان خستە ڕوو و وەڵامى پرسیارەکانى ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار