٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مستەفا شەفیق: پەیەدە رێككەوتن لەگەڵ هێزی دیكەدا دەكات.. ئامادە نین هێزی كوردی هاوكاریان بێت

سەرچاوە: KDP.info

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info-  شارەزایەكی كاروباری رۆژئاوای كوردستان دەڵێت، پەیەدە رێككەوتن لەگەڵ هێزی دیكەدا دەكات بۆ پاراستنی ئەو ناوچانەی كە لە دەست ئەواندان، بەڵام ئامادە نین قبووڵی بكەن هێزی كوردی هاوكاریان بێت. جەختیشی كردەوە، ئەگەر پەیەدە بەو شێوەیە لە سیاسەتی خۆی بەردەوام بێت، پشتگیریی نێودەوڵەتییش بە دەست ناهێنێت.

(مستەفا شەفیق) شارەزا لە كاروباری رۆژئاوای كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پەیەدە رێككەوتنی لەگەڵ هێزی بوركان فورات و سوپای ئازادا و هەندێك هۆزی عەرەبدا كردووە بۆ پاراستنی ئەو شوێنانەی لە دەست ئەواندان، لە كاتێكدا ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی، هێزی خۆی هەیە و پەیەدە رێگا نادەن هاوكارییان بكەن و خاكی خۆیان بپارێزن، بۆیە پێویستە بەردەوام ئەمە باس بكرێت و دوژمنیش ئەمەی وەكو دەرفەتێك قۆزتۆتەوە و هەرجارە و هێرش بۆ شوێنێك دەكات".

(شەفیق) گوتیشی: "رۆژئاوای كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە پێش ناكەوێت ئەگەر لایەنە كوردییەكان یەك نەگرن، چونكە دوژمن دەرفەت لەو یەكنەگرتنە وەردەگرێت، بۆیە پێویستە بەهەر شێوەیەك بێت یەك بگرن".

ئەو شارەزایەی كاروباری رۆژئاوای كوردستان ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر پەیەدە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە پشتگیریی نێودەوڵەتییشی نەبێت و رێگە نادرێت گۆڕەپانەكەیشیان فراوان بێت، ئەگەر تەوافوقێكی گشتی نەبێت لەگەڵ ئەو لایەنانەی لەگەڵ ئەوانن و خاوەنی دۆزن و لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەن، بۆیە هەر چۆنێك بێت پێویستە رێككەوتنیان لەگەڵ بكرێت، ئەگەر بە بچووكیش سەیریان بكرێت".

(مستەفا شەفیق) راشیگەیاند، هاوكاریی فڕۆكە جەنگییەكانیش بۆ رۆژئاوای كوردستان لەبەر ئەوەیە كە داعش دژی هەموو لایەك و مرۆڤایەتییە، بەڵام ئەمە واتاكەی ئەوە نییە پشتگیریی سیاسەتی پەیەدە دەكەن.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار