پزیشكێكی ساختەكار لە بلێ دەستگیر كرا

بلێ -KDP.info- لە شارەدێی بلێی سەر بە شارۆچكەی مێرگەسوور، پزیشكێك دەستگیر كرا، كە بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامە و بڕوانامەیەكی پێ بێت، خۆی بە نەشتەرگەر ناساندووە و چەندین نەشتەرگەریی مەترسیداری بۆ نەخۆشانی دەڤەرەكە كردووە، لە بەرانبەر هەر نەشتەرگەرییەكیشدا 400 دۆلاری لە نەخۆشەكان وەرگرتووە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاساییشی مێرگەسوور، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی ئاگادار كراینەوە كە پزیشكێك بە ناوی (مستەفا عەلی ئەمین) هاتووەتە بلێ و عەیادەی كردووەتەوە و نەشتەرگەریی جۆراوجۆر دەكات، ئێمەیش بەدواداچوونمان كرد و بۆمان دەركەوت كە هیچ بڕوانامەیەكی پزیشكیی نییە و توانیمان پزیشكەكە بەپێی ماددەی 638 دەستگیر بكەین".
گوتیشی: "ئەو پزیشكە نەشتەرگەریی مەترسیداری وەك دەرهێنهانی بەرد لە گورچیلەی بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكرد، لە بەرانبەردا پارەیەكی زۆری لە هاووڵاتیان وەرگرتووە، هەندێك لەو بەردانەی لە شێوەی ئەو بەردانەی لەناو گورچیلەی مرۆڤدان لەناو كلێنسێك داناوە و لە كاتی نەشتەرگەرییشدا، ئەو بەردانەی پێشانی نەخۆشەكان دەدا و دەیگوت، ئەو بەردانەم لەناو گورچیلەتدا دەرهێناون، كە هیچ ڕاستییەكی بۆ نەبوو، بۆیە ئێمە وەك ئاساییش كارمان لەسەر كرد و بەپێی بڕیاری دادگا توانیومان دەستگیری بكەین و عەیادەكەی دابخەین، ئێستایش لە دادگایە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە".
(د. هاوار) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بارزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پزیشكێكی عەرەب، هاتووەتە ناوچەكە كە لای ئێمە فەرمانبەر نییە و لە بلێ عەیادەی داناوە و خۆیشی بە نەشتەرگەر ناساندووە، هەر چەندە هیچ بەڵگەنامە و بڕوانامەیەكی باوەڕپێكراوی پێ نییە، كە خەڵكی ناوچەكەیش زۆر گلەییان لێ دەكرد، بەوەی زۆر بە سادەیی نەشتەرگەری دەكات و بۆ هەر نەشتەرگەرییەكیش 400 دۆلار لە نەخۆشەكان وەردەگرت".
(د. هاوار)، ئەوەیشی گوت: "دوای بەدواداچوونمان دەركەوت كە هیچ بڕوانامەیەكی پزیشكیی نییە، ئەو هاووڵاتیانەی چوونەتە لایشی داوای یاساییان لەسەر تۆمار كردووە".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بارزان، زیاتر گوتی: "ئەو پزیشكە هیچ پەیوەندی بە وەزارەتی تەندروستییەوە نییە و بە بێ ئاگاداریی ئێمە هاتووەتە ناوچەكە، ئێستایش كە عەیادەكەی داخراوە، دەستگیر كراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیشی بۆ كراوەتەوە".




