یەكگرتووی ئیسلامی: ڕەخنە و تێبینیمان لەسەر سەرۆكایەتیی پەرلەمان و دانیشتەكەی 23/6 هەیە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ئاماژە بەوە دەدات، ڕەخنە و تێبینییان لەسەر دانیشتنەكەی 23ـی ئەم مانگەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە هەیە. دەشڵێت: "دەبێ هەموومان بەرپرسیارەتیی ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان هەڵبگرین".
گوتەبێژی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (هیوا میرزا سابیر) لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی: "بارودۆخی سیاسیی كوردستان زۆر ناسك و هەستیار و ئاڵۆزە و كێشەكان فرەڕەهەند و فرەجەمسەرن و دەیان هاوكێشەی دژبەیەك لەم وڵات و هەرێم و ناوچەیەدا كار دەكەن، بۆیە دەخوازێت ئەوانەی بەرپرسیارەتیی سیاسی و ئیداریی هەرێمیان لە ئەسۆدایە (پێنج حزبەكە) وریاتر مامەڵە بكەن و ئەولەویاتی ئەم قۆناخە مەترسیدارەیان لێ تێك نەدرێت و ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەی پێشتر ڕوویدا نەبێتە مایەی لێكترازان و هەڵوەشانەوە".
گوتەبێژی یەكگرتوو ئەوەیش دەخاتە ڕوو: "ئەوەی لەم ماوەیەدا بینیمان، سەرەڕای بوونی تێبینی و ڕەخنە و سەرنج لەوەی كە سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە (۲۳/٦/۲٠۱٥) كردی لە خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەكانی (تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم) بەڵام هێشتا ماوە و هەلمان لە پێشە بۆ گەییشتن بە سازان و پێكهاتن لەسەر باشترین بژاردە و دواتر لە پەرلەمان یەكلا بكرێتەوە".
(هیوا) دەشڵێت: "لەم ساتەوەختەدا پێویستە هەموو ڕاگەیاندنەكان هەستیارانەتر و بەربرسیارانە مامەڵە بكەن و لە خزمەتی یەكڕیزی و تەبایی و چارەكردنی كێشەكاندا لە ڕێگەی دانوستان و گفتووگۆوە بن نەك گەورەكردنی جیاوازییەكان و تۆمەتباركردنی یەكدی".
ڕوونیشی كردووەتەوە: "هیوادارم هەموومان پێكەوە بگەینە باشترین چارەسەر و هەردەم ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە شەڕی داعش و ئاسەوار و دەرهاوییشتەی ڕۆژانە و كێشەی مووچە و بوودجە و بێكاری و هەژاری و كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا و دەیان كێشەی دیكە كە بەرۆكی گرتووین وزۆری دیكەیش بەڕێوەن، خەڵكی بۆ چارەكردنیان چاوەڕێی حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمن".




