٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیرانی دارایی و بازرگانی، سێ كه‌سی سه‌ر به‌ گۆرانیان له‌ شوێنی سێ به‌رپرسی ئیداریی پارتی دانا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  بە بڕیاری (رێباز محەممەد حەملان)ی وەزیری دارایی و ئابووری، بەڕێوەبەری گومرکی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی کشتوکاڵی ھەولێر گۆڕدراون، هەروەها بە بڕیاری (ساماڵ سەردار)ی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، بەڕێوەبەری سایلۆی مەخموور گۆڕاوە و، بۆ هه‌رسێ پۆسته‌كه‌یش كه‌سانی سه‌ر به‌ گۆران دانراون؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "بەگوێرەی یاسا دەبێت متمانە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وەربگرن".

(بارزان سدیق سوارە) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان، راگەیاند "بەپێی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی هەموارکراوی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، هەر بەڕێوەبەرێکی گشتی بگۆڕدرێت، دەبێت سەرەتا وەزیر 5 ناو بداتە پارێزگار، دواتر پارێزگار نووسراوی فەرمی ئەم 5 ناوە بداتە ئەنجوومەنی پارێزگا، ئەنجوومەنی پارێزگاش بە زۆرینەی رەها ناوی 3 کەس لەو 5 کەسە دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیار لەسەر یەکێکیان دەدات و دادەمەزرێنرێت".

دەشڵێت "بەپێی یاساکە ئەم بڕیارە دەبێت بە هاوئاهەنگی لەنێوان وەزیر و پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا بدرێت، بەڵام وەزیری دارایی بەبێ گەڕانەوە بۆ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا، هەروەها بەبێ گوێدانە ئەم یاسایە، و راستەوخۆ بەڕێوەبەری گومرگی حاجی ئۆمەران و بەڕێوەبەری گشتیی بانکی کشتوکاڵی ھەولێری گۆڕیون، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە".

(بارزان سدیق) کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی یاساییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە 'رووداو'ی گوتووه‌ "بە هەمان شێوەی وەزیری دارایی، وەزیری بازرگانیش راستەوخۆ بەڕێوەبەری سایلۆی مەخمووری بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و بە بڕیارێکی راستەوخۆ گۆڕیوە".

(بارزان سدیق) دەشڵێت "هەردوو وەزیری دارایی و وەزیری پیشەسازی پێشێلی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان کردووە و پێویستە لەمبارەیەوە روونکردنەوە بدەن، ئەگەر روونکردنەوەمان نەدەنێ، وەکو فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە فەرمی داوای روونکردنەوەیان لێ دەکەین، چونکە ئەم سێ بەڕێوەبەرەی دانراون سەر بە بزووتنەوەی گۆڕانن و لە شوێنی 3 بەڕێوەبەری پارتیی دیموکراتی کوردستان دانراون".

لەمبارەیەوە (ئەحمەد عەبدولڕەحمان) گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری بە(تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند" ئەمانە بەڕێوەبەرن، نەک بەڕێوەبەری گشتی، بۆیە بەپێی رێنماییەکارپێکراوەکان لە گۆڕینی ئەم بەڕێوەبەرانە، وەزیری دارایی بۆی هەیە راستەوخۆ بڕیار بدات" هەروەها دەشڵێت "ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە حیزبەوە نییە و ئیدارییە".

هەواڵی پەیوەندیدار