به‌رپرسێكی پارتی له جه‌له‌ولا: جەلەولا و سه‌عدیه كوردستانین و ڕێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هادی عامری بۆ چییه

جەلەولا -KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە جەلەولا له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه كه، پێویست ناکات ھیچ کۆبوونەوەیەک بۆ بەرێوه‌بردنى ھەردوو ناحیەی سەعدیە و جەلەولا بکرێت بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بەھاوبەشی بەرێوەی ببەن، چونكه ناوچەی کوردستانین و پێویست ناکات جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھیچ ھێزێکی دیکەی لێ جێگیر ببێت.
(عامر رەفعەت) بەرپرسی لیژنه‌ى ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە جەلەولا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو کۆبوونەوەیه‌ی لەنێوانى سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتی و سه‌رۆكی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی(ھادی عامری) کراوە دوولایه‌نی بووە و ئێمە ئاگاداری نین، هه‌ڵبه‌ت بەرێوبەری ناحیە و ئیدارەکەش ئاگاداری ئەو کۆبوونەوانە نین، بۆیە ئێمە ئاگاداری ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەیش نین و بە پێویستیشی نازانین، چونکە ناوچەی کوردستانین.''
(رەفعەت) گوتیشی: "ئه‌مه یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه نییه و پێشتریش چەندین کۆبوونەوە ساز دراون، بەڵام سەعدیە بە تەواوەتی کەوتووه‌تە دەست حەشدی شەعبییه‌وه و، ئەوەی ئێستا قسەی لەسەر دەکرێت جەلەولایە، لەکاتێکدا شاری کوردستانین و پێویست ناکات قسەیان له‌باره‌وه بکرێت، ئاخر پێویستە بەرێککەوتن ئەو ھێزانە دەربکرێن و ھێزی پێشمەرگەیان لێ جێگیر بکرێت، نەک بە ھاوبەشی بەڕێوە ببردرێن.''
بەرپرسی لیژنه‌ى ناوچەی جەلەولا به پێویستی ده‌بینێ، ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە تادەگاتە چیای حەمرین جێگیر بکرێن، چونکە ناوچەی کوردستانین.
بڵند ئیبراھیم




