ئەردۆغان: "رێگە نادەین دەوڵەتێک دابمەزرێت''

ئیستانبووڵ-KDP.info- سەرۆككۆماری توركیا (رەجەب تەییب ئەردۆغان) گوتی: "لە باكووری سووریا، واتە لە باشووری ئێمە -مهبهستی ڕۆژاوای كوردستانه- هەرگیز رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتێك نادەین. جهختیش دهكاتهوه كه، باجەكەی هەرچییەك بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی درووستبوونی ئەو دەوڵەتە.
ئەردۆغان لە وتەیەكیدا لە ''بەرنامەی مەدالیا پێشكەش كردن و خوانی بەربانگی مانگی سووری توركیا'' كە لە ناوەندی كۆنگرەی هالیچ ساز كرابوو، رایگەیاند هەموو باری ئەو كارەساتە مرۆییەی سووریا بەسەر شانی توركیا و وڵاتانی دراوسێی سووریاوەیە و ئێمە پێشمان وایە ئەمە ناحەقییە.
(ئەردۆغان) رایگەیاند لە كاتێكدا ئەو نییەتە باشە و ئەو هەموو فیداكارییەی توركیا سەبارەت بەو قەیرانانەی لە سووریا و عێراق بوونیان هەیە لەبەرچاوە، بەڵام لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات ژمارەیەك لایەن هەوڵ دەدەن هەر بە زۆر دیمەنێكی دیكە نیشان بدەن و گوتی: ''سنوورەكانمان بە ڕووی ٢٠٠ هەزار كەسدا كردەوە''.
(ئەردۆغان) ئاماژەیشی دا كاتێك كۆبانێ لەژێر هێرشی داعشدا بوو، دیسان ئەو لایەنەی هاوكاری پێشكەش كرد توركیا بوو، سەرەڕای هەموو هەڕەشەكانی رێكخراوە جووداخوازەكە و دژایەتیكردنیان، هاوكارییەكان گەیەنرانە ئەو كەسانە.
(ئەردۆغان) جەختی كردەوە، ئەوان دەیانەوێت زۆر هاوكاری خەڵكی ئەوێ بكەن و گوتی: "ئەوەی دەبێتە رێگر لەبەردەم ئەمەدا، هەمان ئەوانەن كە ئەو تۆمەتانەمان بەرەوڕوو دەكەنەوە. پەیەدە و پەكەكەن. ئێمە لێرە خەریكی ئەوەین هاوكاری ئەو كەسانە بكەین كە ستەمیان لێ كراوە. لەلایەكەوە رژێمی (ئەسەد) و لەلایەكەوە گوتەبێژانی رێكخراوی جووداخواز، لەلایەكی دیكەوە گوتەبێژانی پارتێكی سیاسیی نێوخۆی وڵات بە هەمان شێوە و نەفەس قسە دەكەن، هەمان شت دووبارە دەكەنەوە. ئەوەی كە ئامانجیانە بریتییە لە گەیاندنی ئەمە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئامانجەكەیان روونە. بەم تۆمەتانە دەیانەوێت توركیا بخەنە دەرەوەی بازنەی ئەو رووداوانەی كە لە پاڵ دەستیدا روو دەدات و دەیانەوێت ئۆپەراسیۆنی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكە تەواو بكەن".
سەرۆككۆمار (رەجەب تەییب ئەردۆغان) بە ئاماژەدان بەوەی رووی دەمی دەكاتە دانیشتووانی توركیا و جیهان و رایگەیاند: "هەرگیز رێگە بە درووستبوونی دەوڵەتێك له باكووری سووریا واتە لە باشووری خۆمان نادەین. دەمەوێت ئەمە بزانرێت باجەكەی هەرچییەك بێت ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی درووستبوونی ئەو دەوڵەتە. ئێمەش دەزانین گرووپەكانی تێرۆریستی لە كوێوە هاوكارییەكانیان وەردەگرن، هەموو ئەو كەسانەشی كە پەیوەندیدارن زۆر باش دەزانن. بە كردنەدەرەوەی توركیا مەحاڵە دۆخێكی ئاسایش و خۆشگوزەرانی دابمەزرێنرێت لە ناوچەكەدا. بە روونی ئەوە دەڵێم لە حاڵەتێكی لەو جۆرەدا بەڕێوەبردنی هیچ جۆرە چالاكییەكی بازرگانی لەو ناوچەیەدا نابێتە جێگەی باسوخواس. ئێمە چاو لە گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەكە ناپۆشین''.
ئانادۆڵو




