لەسهرهتاى ئهم مانگهوه بەرهەمی جووتیارانى زوممار وەردەگیرێت

زوممار-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێى زوممار دهڵێت، بڕیار وایە بەم زووانە گۆڕەپانێك بۆمەبەستی وەرگرتنی بەرهەمی جووتیارانی سنووری شاردەێى زوممار بكرێتەوە و بۆماوەی یهك مانگ بەرهەمەكانیان لەو گۆڕەپانە وەربگیرێت.
(موزاحم سەعدوون) بەڕێوەبەری شارەدێى زومماری سەربە شارۆچكەی شنگال بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی شارەدێى زوممار لە (25.10.2014) لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بەتەواوەتی ڕزگار كرایەوە، جووتیارانی سنوورەكە دەست بەجێ دوای گەڕانەوەیان دەستیان بە چاندنی (گەنم وجۆ)كردەوە و لەگەڵ هاتنی وەرزی دروێنەشدا خەڵكەكە چاوەڕیێ وەرگرتنی بەرهەكانیان دەكەن.
(سەعدوون) گوتیشی: "لیژنەیەك لە كۆمپانیای عێراقی بۆ وەرگرتنی بەرهەمی دانەوێڵە، سەردانی ناوچەكەی كرد و بۆ چارەسەری كێشەكهی جۆتیاران بڕیاریان دا، بەرهەمەكانیان بە سەرپەرشتیی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقی وەرگرن و بۆئەم مەبەستەش گۆڕەپانی سەربازگەی عەینزالەیان هەڵبژاردووە، كە سەردەمی ڕژێمی لەناوچووی بەعس سەربازگەی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بووە.
بەڕێوەبەری شارەدێى زوممار باسی لەوەش كرد، ئەو گۆڕەپانە كارەكانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و بڕیار وایە لە(1.7.2015) بكرێتەوە و بۆ ماوەی یەك مانگ بەرهەمی جووتیاران وەربگیرێت، كە توانای وەرگرتنی 50هەزار تەن بەرهەمی جووتیارانى سنوورەكەی دەبێت.
هەژار مەموزینی




