٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەفین دزەیی له‌ ئانكاراوه‌ گوتی، دەبێت هەموو لایەک خۆی بکاتە خاوەنی ئەم شەڕەی به‌رۆكی كۆبانێی گرتووه‌

سەرچاوە: KDP.info

ئانكارا-KDP.info-  گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌ جیا لەگەڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتیی کۆماری گەل (جەهەپە)دا کۆ بووه‌ته‌وە و، له‌ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌رچی سەردانەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی کۆبانێوە نییە، به‌ڵام دەبێت هەموو لایەک خۆی بکاتە خاوەنی ئەم شەڕە. گوتیشیم هەمیشە خۆیان بە خاوەن و پارێزەری مافی کوردەکانی سووریا زانیوە و پشتگیریشیان دەکەن؛ گوتیشی، دەبێت هەموو لایەک خۆی بکاتە خاوەنی ئەم شەڕەی به‌رۆكی كۆبانێی گرتووه‌.


گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی) لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانەکەدا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ یاریدەدەری بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی جەهەپە (موراد ئۆزچەلیك)، رایگەیاند، کە ئەوان خوازیار بوون سەردانی دۆستێکی دێرینیان بکەن کە ئێستا بووەتە پەرلەمانتار و هاوکات باسیان لە دۆخی عێراقیش کردووە.

لەبارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەت لە تورکیا، (دزەیی) ئاماژەی دا، ئەوە پرسێکی نێوخۆیی تورکیایە و هیوای خواست کە بەم نزیکانە حکوومەتێک پێک بێت کە خزمەت بە سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆی ئەو وڵاتە بکات. 

لەبارەی پرسیارێکی رۆژنامەنووسانەوە لەسەر کۆبانێ و پەیوەندی سەردانەکەیان بە هێرشەکانی کۆبانێوە، (دزەیی) ئاماژەی دا کە، سەردانەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە هێرشەکانی کۆبانێوە نییە و گوتی: "هێرشەکانی داعش بەردەوامییان هەیە. ئەمە هەڕەشەیێکە بۆ سەر هەمووان، کۆبانێ، تەلئەبیەز، دواتر دیسان کۆبانێ. ئێمە خۆمان نزیکەی ساڵێکە بەرەیەکمان لەشەڕ لەگەڵ داعشدا هەیە. بۆیە دەبێت هەموو لایەک خۆی بکاتە خاوەنی ئەم شەڕە. هەتا ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیا هاریکارییەکمان هەبوو. ئەمه‌ریکا و ئەورووپا و هاوپەیمانانیش خۆیان کردووەتە خاوه‌نی پرسەکە".

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا دەربارەی ئەوەی ئایا پێشمەرگە هیچ هاوکارییەک رەوانەی کۆبانێ دەکات، (دزەیی) گوتی، هەتا ئێستا پرسێکی لەو چەشنە لە رۆژەڤیاندا نییە.

سەبارەت بەوەی کە ئایا هیچ کۆبوونەوەیەکی فەرمی لە ئانكارا لەگەڵ بەرپرساندا ئەنجام دەدات، (سەفین دزەیی) ده‌ڵێت، ئەمشەو دەگەڕێتەوە هەرێم و تەنیا لەگەڵ راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا (فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو) کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داوە. لەبارەی ئەوەی کە ئایا پەیەدە خوازیاری چییە لەبارەی دۆسیەی کوردەوە بەتایبەت لە هەندێک ناوچە باس لە پاکتاوی رەگەزی بەرامبەر عەرەب و تورکمان دەکرێت، (دزەیی) وه‌ها وەڵامی دایەوە: "دەنگۆی وا هەیە، بەڵام پەیەدە رەتی دەکاتەوە. تەواوی تورکمان و عەرەب و کورد و مەسیحییە رەسەنەکانی ئەو ناوچانە مافی ئەوەیان هەیە لەوێ بژین، هەر کەسێک لەوێ دەستەڵاتی بە دەست بێت، دەبێت ماڵ و موڵک و سامانی ئەوانە بپارێزێت و لەوبارەیەوە پەیەدە ئەرکێکی گەورەی دەکەوێتە سەرشان. ئێستا ئەو شوێنانەی کە پەیەدە کۆنترۆڵی کردوون بەشێکن لە خاکی سووریا. ئێمە وەک کوردەکانی عێراق، بەرپرسیاری هەرێمی کوردستانی عێراقین، بەڵام هەمیشە خۆمان بە خاوەن و پارێزەری مافی کوردەکانی سووریا زانیوە و پشتگیریشیان دەکەین، ئیتر چۆن و بە چ ئالیەتێک داهاتووی خۆیان دابین دەکەن، ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە".

لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا (فەرەیدوون سینیرلیئۆغڵو)، (سەفین دزەیی) ڕایگه‌یاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە دۆخی عێراق و هەولێر و ئانكارا کردووە و، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا پرسێکی تری کۆبوونەوەکەیان بووە، بەتایبەت کە ئێستا دۆخی عێراق روون نییە و داعش هەر رۆژە و هێرش دەکاتە سەر ناوچەیەک.

لە وەڵامی پرسیارێکی تری رۆژنامەنووساندا کە ئایا هەتا ئەمڕۆ تورکیا راهێنانی بە چەند پێشمەرگە کردووە؟ (دزەیی) گوتی: "هەتا ئێستا وڵاتانی ئەورووپا، کەنەدا، ئەمه‌ریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، هەر وڵاتەی هاتووە راهێنانی لەسەر چەکەکانی خۆی بە پێشمەرگە کردووە، تورکیایش بە ژمارەیەکی جیاواز، دوو ناوەندی مەشقی هەیە. یەکێکیان لە سۆران و ئەویتر لە سلێمانی کە ناوەندێکی مەشقی سەرکەوتوون".

لە وەڵامی پرسیارێکی تردا کە ئایا تورکیا چەک رەوانەی پێشمەرگە دەکات؟ (سەفین دزەیی) رایگەیاند: "مانگی ئابی رابردوو لە هێرشەکانی داعشدا تورکیا هاریکاری چەک و تەقەمەنی کردوون، بەس بە چەکی قورس نا، بەڵکو چەکی سووک و تەقەمەنی رەوانە کردووە". 

ئانادۆڵو

هەواڵی پەیوەندیدار