حزبی سۆسیالیست: 23ـی حوزێران خزمه‌ت بوو به دووژمنی گه‌لی كورد

سلێمانی-KDP.info- ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێت، پێم سه‌یره، كه بۆچی تا ئێستا هه‌موو شتێك به ته‌وافوق بووه، به‌ڵام پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به ته‌وافوق ناكرێت و، گوتیشی، ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له 23ـی ئه‌م مانگه كردی، خزمه‌تی دووژمنی كورد ده‌كات.
(موسلیح ره‌جه‌ب) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌مڕۆ ئێمه وه‌ك كورد به قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بین، ئه‌مڕۆ میلله‌تی كورد پێویستی به‌وه‌یه هه‌موو لایه‌نه‌كان پێكه‌وه چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه و ئه‌و قه‌یرانانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن، نه‌ك له په‌رله‌مان باسی بابه‌تێك بكه‌ن كه په‌یوه‌ندی به ئه‌وانه‌وه نییه، كاری په‌رله‌مان نییه سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵكو كاری په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه چاودێریی حكوومه‌ت بكات و پرۆژه‌یاسا په‌سه‌ند بكات، ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌و رۆژه‌دا كردی خزمه‌تی دوژمن ده‌كات نه‌ك ناوخۆی كوردستان، بۆیه ئه‌وه‌ی گرینگه ئه‌وه‌یه كه هه‌موو لایه‌نه‌كان یه‌ك بگرن و یه‌كهه‌ڵوێست بن، نه‌ك چه‌ند لایه‌نێك كێشه دروست بكه‌ن و دۆخه‌كه ئاڵۆزتر بكه‌ن.
گوتیشی: ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌رچی زووه سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كان پێكه‌وه دابنیشن و بگه‌نه ڕێككه‌وتن و سازان بكه‌ن؛ چونكه ئه‌وه‌ی من پێم سه‌یره، كه بۆچی تا ئێستا هه‌موو شتێك به ته‌وافوق بووه، بۆچی پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به ته‌وافوق ناكرێت، پاش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان له 23 ئه‌م مانگه دانیشت و ئه‌و پشێوه‌یان نایه‌وه، خه‌ڵكی ئێمه په‌شۆكاون و وا ده‌زانن ئێدی كوردستان كۆتایی پێ هات! ئه‌وه‌ی گرینگه ئێمه خه‌ڵكی خۆمان له‌و قه‌یرانانه رزگار بكه‌ین، نه‌ك توشی قه‌یرانی زیاتریان بكه‌ین.
(موسلیح ره‌جه‌ب) باوه‌ڕی وایه كه، باشترین شت بۆ ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان سازان و رێككه‌وتنه له سه‌ر پرسه نیشتیمانى و گرینگ و چاره‌نوسسازه‌كان، دڵنیاین كه سه‌ركرده سیاسییه‌كانى كورد ده‌توانن به سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌دا زاڵ بن و رێگا چاره‌یه‌ك بدۆزنه‌وه؛ جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه، كورد پێویستى به ته‌بایى و یه‌كرێزى و لێكتێگه‌یشتن هه‌یه، نابێت بكه‌وینه داوى نه‌یارانى كورده‌وه، پێویسته ددان به خۆماندا بگرێن و به لۆجیك و عه‌قلانیه‌ت و دیالوگ ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هیوادارین لایه‌نه سیاسییه‌كان به زووترین كات كۆ ببنه‌وه و به دیالوگ و رێككه‌وتن ئه‌م قه‌یرانه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن، چونكه بارۆدۆخى كوردستان له‌وه زیاتر هه‌ڵناگرێت.
رابین شێروانی




