هێشتا شهڕ درێژهی ههیه.. کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان پێشوازی له پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێم دهكهن

ھەولێر-KDP.info- نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدا بوو و، پێشوازی لێ دەکەین.
نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لەھەرێمی کوردستان (فەتحوڵڵا حوسێنی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لە دوێنێوە شەڕ لەنێوان ھێزەکانی ئێمە و تیرۆرستانی داعش لە دەوروبەری نەخۆشخانەی کۆبانێ بەردەوامە و، تائێستایش زیاتر لە30تیرۆرست کوژراون و نزیکەی30تیرۆریستی دیکەش ماون و شەڕ دەکەن.
نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر گوتی، فرۆکە جەنگییەکانی هاوپهیمانان بە ئاسمانی کۆبانێدا دەسورێنەوە، بەڵام هێشتا پێگهی تیرۆریستانیان نهكردووهته ئامانج.
ئەوەشی خستەڕوو، لێدوانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پشتگیرییەکی مەعنەوییە و ھەستکردنە بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە برایانی لە رۆژئاوای کوردستان و ھەر پەیامێک لە بەرژوەندیی میللەتی کورد بێت ئێمە پێشوازی لێ دەکەین.
ئەمەش لەکاتێکدایە، (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا بۆ کۆبانی رایگەیاند، "داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم کە چۆن پێشتر ھاوکار و یارمەتیدەری کۆبانێ بوونە ئێستایش بەردەوام بن لە یارمەتیدانی خەڵکی کۆبانێ و بیپارێزن. داوا لە ھێزی ھاوپەیمانان دەکەم بەردەوام بن لە ھاوکاریکردنی خەڵکی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و گەلی کوردستان لە ھەڕەشەکان بپارێزن. بە پێویستی دەزانم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ڕێگایەک بۆ یارمەتیدانی خوشک و براکانمان لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان بگرێتەبەر.
تیرۆریستانی داعش 4ی سهرلهبەیانیی دوێنێ، كە ژمارەیان بە 100 چەكدار مەزەندە دەكرێت بە جلی سوپای ئازاد و یهپهگه و بە 6 ئۆتۆمبێلهوه چوونە نێو شاری كۆبانێوە و، دوو ئۆتۆمبێلیان لە نێو شاری كۆبانێدا تەقاندەوە، كە یەكەمەكەیان لە نزیك دەروازەی مورشید پنار بوو لەگەڵ توركیا.
هەندێ سەرچاوە دەڵێن داعش لەلای باشوور لەلای حەلەب و رەققەوە خۆی گهیاندووهته كۆبانێ، هەروەها لەلای باكووریشەوە هاتووە. یهپهگهیش كه باڵی سهربازیی پارتیی یهكێتیی دیموكرات-پهیهده-یه، توركیا بە رێگەكردنەوە و یارمەتیدانی ئەو هێزەی داعش تۆمەتبار دەكات و توركیایش ئەوە رەت دەكاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




