٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەحیدە یاقو: ئەو 4 حزبە دەیانویست شتێكی خراپ لە كوردستان بكەن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحی، دەڵێت: كۆبوونەوەی پەرلەمان دژی سازان بوو و پێچەوانەی تەوافوقی سیاسییە لە هەرێمی كوردستاندا، ئەوەی لە پەرلەمان كرا دژی سازان بوو، باوەڕمان پێ نەبوو، بۆیە نەچووینە ژوورەوە.

(وەحیدە یاقو هورمز) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحی، وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان  گوت: "لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی كوردستاندا بەشداریمان نەکرد، ئاخر پێمان وایە دەبێت سازان لەسەر پرسێكی وەك یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێت، ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە و گرێ نەدراوین بە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسیی كوردستانەوە، هیچ حزب و لایەنێك ناتوانێت زۆرمان بۆ بهێنێت، لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا بەشدار ببین، یان نەبین، بەڵام ئەوەی لە پەرلەماندا كردیان دژی سازان بوو، باوەڕمان پێ نەبوو، بۆیەیش نەچووینە ژوورەوە؛ خۆی ئەگەر لایەنەكان لە نێوان خۆیان ڕێك نەكەون خراپی لێ دەکەوێتەوە، نەخاسمە کە هەرێمی كوردستان لە شەڕێكی سەختدایە و، قەیرانی داراییشی هەیە."
)وەحیدە) دەیڵێت: "ئەو 4 حزبەی چوونە پەرلەمان دەیانویست كوردستان تووشی بەڵایەک بكەن، ئاخر هەر پڕۆژەیەك بەتایبەتی پڕۆژەیەکی وەک یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم كە ئایندەی هەرێمی كوردستان دیاری دەكات، بەبێ سازان و ڕێككەوتن ناکرێ، کەینێ ڕێککەوتنەکە کرا پاشان دێتە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەرگی یاسایشی لەبەر دەكرێت، بەڵام بە داخەوە ئەوە نەكرا، سەرۆكایەتیی هەرێم کرایە پرسێکی حزبی و، هەر لایەنێك پڕۆژەیەكی پێشكەش كرد، كە ئەوەیش جگە لە خزمەتی حزبەكان، هیچ خزمەتێك بە هەرێمی كوردستان ناكات."
ئەوەشی گوت: "پێویستە سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك هەڵبژێردرێت نەك لەناو هۆڵی پەرلەمان چونكە، هەموو كەسێك نوێنەری خۆی نییە لەناو پەرلەمان؛ ئەوەیشی جێگەی داخە نوێنەری چەند وڵاتێك بە تایبەتی ئێران لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بوو، ئەوەیش دیارە پڕۆژەکە دەستی بێگانەی تێدایە، هەر لەبەر ئەوەیش نەچووینە كۆبوونەوەی پەرلەمانەوە."
(وەحیدە یاقو هورمز) گوتیشی: "پێویستە لایەنە سیاسییەكان پێكەوە دابنیشن و سازان بكەن و لەسەر پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم كۆدەنگی هەبێت، هەروەها لەگەڵ پارتیی دیموكراتی كوردستاندا دابنیشن، چونكە زۆرینەی خەڵكی كوردستان پارتیە".
ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار