٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داعش په‌لاماری کۆبانێی دایه‌وه‌، 60 تا 70 کەس لەو هێرشانەدا بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info

کۆبانێ-KDP.info-  بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بارەگاکەی لە لەندەنە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایانگەیاندوە کە لە شەوی ڕابردووەوە داعش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردۆتەوە سەر کۆبانێ.

بەپێی ڕاپۆرتەکە داعش لە سێ دەروازەوە ئۆتۆمبیلی تەقاندووه‌تەوە و، چووه‌تە ناو کۆبانێوە و، وە پێکدادنێکی توند لە نێوان شەڕڤانانی (یەپەگە) و چەکدارانی تیرۆریستی داعش ڕوویداوە.

لەو بارەیەوە (ڕامی عەبدولرەحمان) بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووریایی گوتی، داعش تەقینەوەی خۆکوژی لەسەر سنووری تورکیاوە ئەنجامداوە و، بەو هۆیەوە چەند کەسێک کوژراون، دواتر شەڕ و پێکدادانێکی توند لە ناو کۆبانێ ڕوویداوە و، تاوەکو ئێستایش شەڕەکە بەردەوامە.

هەروەها دکتۆر (ولات عومەر) کە پزیشکێکە لە کۆبانێ بۆ (ڕۆیتەرز) گوتوویەتی نزیکەی (60 بۆ 70) کەس لەو هێرشانەدا بریندار بوون، بەڵام ئاماری کوژراوانی بڵاو نەکردووه‌تەوە.

شیاوی باسکردنە، کۆبانێ كه‌ دەکەوێتە سەر سنووری تورکیا لە کانوونی دووەمی ئەو ساڵدا لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و، هێزەکانی پێشمەرگە و، هەروەها بە پشتیوانیی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان لە داعش پاککراوەتەوە و، شەوی ڕابردوو و، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی تر داعش هێرشی کردووه‌تەوە سەری.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار