"کۆبوونەوەکەی دوێنێی پەرلەمان خه‌رقى عورفى په‌رله‌مانى و خه‌رقى بڕیارى دادگاى فیدراڵى بوو"

هەولێر-KDP.info- دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمانی کوردستان کە (کۆمەڵ، یەکگرتوو، یەکێتی و گۆڕان) بە چوارقۆڵی کردیان، بە بۆچوونی سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان دوو خەرقی یاسایی‌ی تێدا بوو: یەکەمیان، خەرقی عورفی پەرلەمانی کوردستان بوو؛ دووەمینیشیان خەرقی عورفی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بوو.
23ـی حوزەیران ناونیشانی کۆبوونەوەیەک بوو کە چوار لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی)، بە هاوکاریی سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان، پڕۆژەیەکیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای چوارەمی سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەش کرد و، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کرد، بەڵام دانیشتەکە وێڕای ئەوەی بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی لە ڕووی سیاسییەوە خوێندنەوەیەکی نادروست بوو بۆ سیاسەتی هەرێم و بێ‌سازان بوو، بێ بەشداریی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان کە فراکسیۆنی زەردە، هەروەها بەبێ ڕەچاوکردنی پێکهاتەی مەسیحی و تورکمانی و ئاراسته‌ی سێیه‌م و حیزبی سۆسیالیست بوو، هاوکات کۆنسووڵی وڵاتێکی داروسێیان تێدا بانگهێشت کرد کە خۆی لەخۆیدا چاودێرانی سیاسی بە نمایشی سیاسی و کەسبی جیۆگرافیای دەنگدەریان لێک دایەوە کە، ئەو لایەنانە بۆ کەسبی شەقام و کۆمەڵێک مەرامی دیکە ئەو کارەیان کرد؛ هاوکات لە ڕووی یاساییشەوە دانیشتنەکە پڕ بوو لە خروقاتی یاسایی.
لەبارەی ئەو دانیشتنەوە (ڤالا فەرید) سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان وای بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوت: "دانیشتنەکەی ئەو چوار لایەنە لە پەرلەمانی کوردستان پڕ بوو لە خروقاتی یاسایی و دەستووری و عورفی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق"، خۆی گوتەنی: "ئه‌وه‌ی دوێنێ له پەرلەمانی كوردستان گوزه‌را، خه‌رقێكی عورفی پەرلەمانی بوو به‌وه‌ی كه پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌ش بكرێت و خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت له لایه‌ن 10 پەرلەمانتار بۆ گۆرینی سیسته‌می حوكمڕانی! بۆ نموونه له به‌ریتانیا ته‌نانه‌ت یه‌ك په‌رله‌مانتاریش بۆی هه‌یه پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام ئایا تاكو ئێستا یه‌ك په‌رله‌مانتاریش پرۆژه‌ی وای پێشكه‌ش كردووه سیسته‌می حوكمرانی بگۆڕن؟ چونكه ئه‌و یاسایانه‌ی باس له سیسته‌می حوكمرانی ده‌كه‌ن یاسای سیسته‌می بنه‌ڕه‌تین كه سروشتی ده‌ستوورییان هه‌یه و گۆڕینی سیسته‌می حوكمڕانی به زۆرینه‌یەکی وەها کەم، دەنگی 50+1 ناكرێت."
ڕەنگە پرسیار ئەوە بێ کە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵات دەکرێ ئەو یاسایانەی کەوا ڕەهەندێکی نیشتمانی‌یان هەیە و پێوەستن بە گشت تاکێکەوە بە دەنگی 50+1 تێپەڕێندرێن؟
(ڤالا فەرید) ئا وەها وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە: "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ئیسرائیل هه‌یه به هه‌مان شێوه، یاسای بنه‌ڕه‌تی هه‌یه كه سروشتی ده‌ستوورییان هه‌یه و ناکرێ پڕۆژەیەکی وەها گرینگ بە دەنگی 50+1 تێپەڕێندرێ، ئەوان ناچن کارێکی لەو چەشنە بکەن کە دوێنێ لە پەرلەمانی خۆمان کرا، خۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش به هه‌مان شێوه تەبعی ده‌ستووری هه‌یه، 10 ئه‌ندام پەرلەمان ناتوانن پڕۆژه پیشكه‌ش بكه‌ن بۆ گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی سیسته‌می حوكمڕانی و ئه‌و یاسایانه‌ی سیسته‌می حوكمرانییان داڕشتووه، ئه‌گه‌ر وا بێت به 10 پەرلەمانتار پڕۆژه‌یاسا پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ گۆرینی سیسته‌می حوكمرانی، ئه‌وا ناسه‌قامگیری سیاسی ڕوو ده‌دات. خۆ وڵاتێکی وەک تورکیایش هەموو خەونی (ئەردۆغان) ئەوە بوو بەربەستی زۆرترین دەنگی پەرلەمانی بە دەست بێنێ تا بتوانێ سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتەدا بگۆڕێ، ئەگەرچی براوەی هەڵبژاردنیش بوو، بەڵام بۆ گۆڕینی دەستوور و سیستەمی حوکمڕانی پێویستی بە سازان و تەوافوقی سیاسییە."
بەڵام ئەگەر تەنیا 10 پەرلەمانتار، بە پڕۆژەیەک سیستەمێکی چارەنووسسازیان گۆڕی وەک دەستەڵاتی جێبەجێکەر، واتە سەرۆکایەتیی هەرێمیان پێ بگۆڕێت ئەوا ئاقیبەت ناکەوینە مەترسییەوە؟
پێوەست بەم پرسەیش (ڤالا فەرید) ڕایدەگەیەنێت، "رەنگە هەر چوار ساڵ جارێك و حزبێک دەبێتە زۆرینه، جا ئەگەر بەو شێوەیە بێ وا ئه‌وان بە نیازن، مەترسییەکە لەوەدا دەبێ دەست بکەن بە گۆڕینی دەستەڵاتەکان و یاسا بنەڕەتییەکان کە سیسته‌می حوكمڕانی ده‌گۆڕێت! بۆیە ئەم کارە نادروستە و وڵاتان ڕێگە نادەن یاسا بنەڕەتییەکان بەو شێوازەی دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان دەستی بۆ ببردرێ، ئەوەی پەرلەمانی كوردستانیش دوێنێ له ڕووی عورفی پەرلەمانییه‌وه خه‌رقێکی مەترسیداری عورفی پەرلەمانی كرا؛ مانای ئه‌وه‌یه كه سیسته‌می حوكمڕانی ده‌گۆڕێت ته‌نانه‌ت به ده‌نگی 29 ئه‌ندام‌پەرلەمان! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیسابی یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان به 56 ئه‌ندام ته‌واو ده‌بێت و زۆرینه‌وه‌ی ئه‌و 56 ئه‌ندامه بریتییه له 29 ئه‌ندام."
ئەو کارەی ئەو چوار لایەنە سیاسییە لە هەرێمی کوردستان وای کرد، کە ئەمڕۆ کۆنسووڵی هۆڵەندا لە هەرێم بە ئاشکرا بڵێ، کە پێدەچێ ئەو چوار لایەنە سیاسییەی هەرێم هیچ کاندیدێکیان نەبێ بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم کەچی پڕۆژەیش پێشکەش دەکەن؛ بەڵێ ئەم کارە بە لای وڵاتانی ئەورووپاییەوە سەیرە کە چۆن‌چۆنی دەکرێ ئەو یاسایانەی کە بنەڕەتین، چەند پەرلەمانتارێک بە تەنیا دەستی بۆ ببەن! هەر لەبەر ئەم کارە بوو ئەگەر سەیر بکرێ لە ئاستی دیپلۆمات لە کۆنسووڵخانەکان جگە لە ئێران هیچ دیپلۆماتێکی وڵاتانی دیکە، ڕووی لە پەرلەمان نەکرد."
نموونەیەکی دیکە بۆ خروقاتی دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەمان، ئەگەرچی خەونی ئێمەی هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانە، بەڵام هێشتا لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵ‌دا هەرێمی فیدراڵین و سەر بە دەوڵەتی عێراقین و دادگای باڵای فیدراڵیش تاکە سەرچاوەی یاسای گشتیی دەوڵەتە، ئەگەر سەیری پەرلەمانی عێراق بکەین پڕۆژەیاسای چارەنووسگۆڕی وەک دەستەڵاتی جێبەجێکار لەوێدا بڕیاریان لێ دەدرێ، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان بە ئاشکرا ئەو چوار لایەنە پێچەوانەی ئەو عورفەیش بوون؛ وەکچۆن (ڤالا فەرید)یش دەڵێت: "پەرلەمان، عورفی بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵیشی پێشێل كرد كه له 14/4/2015 ده‌ری‌كردووه بۆ گشت عێراقه پابه‌ند بێت پێیەوە، کە دەڵێت ئه‌و پڕۆژانه‌ی په‌یوه‌ندیدارن به ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێكارەوە له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وی ده‌سته‌ڵاته‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك پەرلەمان بۆی نییه ده‌ستی بۆ ببات، ته‌نها خۆیان وه‌كو لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌توانن ئه‌و كاره بكه‌ن."
بە گوێرەی دەستووری عێراق بنەمای کاری تەوافوقی و سازان بۆ یەکلاکردنەوەی پڕۆژەیاساکان ڕێگە یاسایەکی گونجاوە، بەڵام ئەو چوار لایەنە بەبێ سازان دەستیان برد بۆ یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم؛ (شێروان حه‌یده‌ری) شاره‌زای بواری یاسا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بۆ دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان ئه‌گه‌ر زۆرینه ئاماده بوون واتە (په‌نجا کۆ یەک) ئه‌وا دانیشتنه‌كه یاسایی ده‌بێت، ئەمە تەنیا بۆ نیسابی یاسایی ئامادە بوونە، بەڵام بۆ پڕۆژەیەکی وەها گرینگ دەبێ بە سازان بێ، چونکە ئەمە پێوەندیی بە گشت تاکێکەوە هەیە لەم هەرێمی کوردستانەدا و، نەدەبا ئەو کۆبوونەوەیە بکرابایە بەبێ ئەوەی سازانی بۆ کرابێ."
(شێروان حه‌یده‌ری) گوتی: "ڕاسته كۆبوونه‌وه‌كه بۆ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان بوو، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌كان شتێكی وا گرینگ نییه، خوێندنه‌وه هه‌موو کاتێک ده‌کرێ بكرێت، ده‌کرا ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه نه‌كرابا به‌ڵكو سازان و گفتوگۆیان بۆ ئه‌م پرسه بكردایه، دواتر هه‌م خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م هه‌م خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م ده‌كرا و، به‌بێ كێشه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه ده‌چوو؛ ئه‌م دانیشتنه و كۆی دانیشتنی وا، پێچه‌وانه‌ی سازانی نشتیمانییه كه حكوومه‌تی بنكه‌فرا‌وان و ئه‌م كابینه‌ی ئێستا هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه دامه‌زراوه و، پێشێلكارییە هه‌ره سه‌ره‌كییەکەی ئه‌و دانیشتنه، ئەوەیە پێچه‌وانه‌ی سازانی نیشتمانییه."
نه‌شوان به‌رزنجی




