گوگڵ: چالاكییەكانی داعش پێویستیان بە ڕووبەڕووبوونەوە هەیە

رۆیتەرز-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "ڕۆیتەرز"، بەرپرسانی گوگڵ داوای ڕووبەڕووبوونەوە و خۆچەكداركردن لە دژی داعش دەكەن و، دەڵێن فراوانبوونی چالاكییەكانی داعش بە سوودوەرگرتن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەكانیان لەو ڕێگایەوە، پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی جیددی هەیە.
(دەیڤد درومۆند) بەڕێوەبەری یاسایی گوگڵ گوتی، "تاوەكو ئێستا نەتوانراوە هێزی داعش لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت تێك بشكێنرێت و، ئەوان هێشتا كاریگەرییان هەیە، دەنگی كۆمەڵگای ئەوان لە هیی ئێمە بەرزترە و لە ئێمە زیاتر لەسەر تۆڕەكان كار دەكەن، پێویستە ئەوە لە بەرچاو بگرین و، لە دژیان بوەستینەوە".
هەروەها (ڤیكتۆریا گراند) بەڕێوەبەرێكی دیكەی گۆگڵ ئاماژەی داوە كە، ئەركی ئەوانە لە بەرانبەر بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەكانی داعش كار بكەن بۆ پەروەردەكردن و هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لەسەر ترسناكی و توندوتیژییەكانی داعش.
هەوروها گوتیشی، "لەجیاتی ئەوەی ببینە كەناڵێك بۆ بڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندە و كارە قێزەونەكانیان، با ببینە هۆكارێك بۆ ناشیرینكردنیان و ڕەتكردنەوەیان، ناكرێت هەر بێدەنگی لە ئاستی ئەو هێزەی داعش لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵبژێرین، بەڵكە ڕێگای باشتر ئەوەیە كە بیرۆكە زیانبەخشەكانیان بسڕینەوە و بە وەڵامی باشتر و گونجاوتر، تێكیان بشكێنین".
شیاوی باسە، گوگڵ و یوتیوب دەیانەویت تەنیا بە بێدەنگكردن و لابردنی گرتە ڤیدیۆییە وەحشیگەرییەكانی داعش نەوەستن، بەڵكە هەوڵ دەدەن ماڵپەرە ئەلكترۆنییەكان بە گشتی لە كەمپینێكدا هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە لە دژیان پێك بهێنن، تاوەكو بتوانن بە ڕێگای جیاواز شەڕی ئەلیكترۆنی داعش بكەن و ڕووبەڕوویان ببنەوە.
و: خالید ئەحمەد




