دڵشاد شههاب: كه سهرۆكی پهرلهمان لهگهڵ سازاندا نییه، بۆ ناپرسێ چۆن به 24 كورسییهوه لهسهر كورسیی سهرۆكایهتی دانیشتووه؟

هەولێر-KDP.info- ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(دڵشاد شەهاب) رایدەگەیەنێ، وەکو مومارەسەیەکی سیاسی و دیموکراتی، ئاساییە پارتی بایکۆتی پەرلەمان بکات، جەختیش دەكاتەوە "ئەوەی لە پەرلەمان روویدا، سەرەتای مامەڵەی نادروست بوو لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان و دروستکردنی ئەم هاشوهووشە لە پەرلەمانی کوردستان بە هەڵەداچوونێکی دیکەی سەرۆکی پەرلەمان بوو".
(دڵشاد شەهاب) ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووی شارەوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ بە رووداوی راگەیاندووه "ئایندەی کوردستان بەمشێوە بەڕێوە ناچێت و مامەڵەی لەگەڵ ناکرێ، ئەوەی ئەمڕۆ(مەبەست دوێنێیە ٢٣-٦) لە پەرلەمانیش گوزەرا، سەرەتایەکی نادروستی مامەڵەکردن بوو لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان".
(دڵشاد شەهاب) هەروەها گوتی "بایکۆتکردنی پەرلەمان لەلایەن پارتییەوە هەنگاوێک بوو دەبوایە بنرایە، ناڕەزایەتیی پارتییش لەسەر ناوەڕۆک و وردەکاریی پرۆژەکان نییە، بەڵکو لەگەڵ چۆنیەتیی مامەڵەکردنە لەگەڵ پرسێکی هەستیاری وەکو دامەزراوەیەکی دەستووری سەرۆکایەتیی هەرێمی كوردستان".
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی باس لە رێژەی یاسایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت "سیستەمی حوکمڕانی بەم شێوازە ناگۆڕدرێت، ئەگەر نیسابی یاسایی بە 56 پەرلەمانتار تەواوبێت، ئەو کات لە رووی شکلیاتی یاساییەوە 29 پەرلەمانتار دەتوانن سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕن، ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر یەکڕیزی نیشتمانی، دەمەوێ بە بیری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیشی بهێنمەوە، لەسەر پرۆسەی یەکڕیزی و تەوافوق بە 24 کورسییەوە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەکات، ئەگەر ئەو لەگەڵ تەوافوق نەبێت و بە دەنگی 29 پەرلەمانتار سیستەمی حوکمڕانی بگۆڕێت، ئەی خۆی چۆن بە 24 کورسییەوە لەسەر کورسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دادەنیشێت".
(دڵشاد شەهاب) کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بوو بۆ پێکهێنانی کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێیوایە دانیشتنەکەی ٢٣ـی حوزێرانی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێک بوو بە پێچەوانەی بانگەشەی سەرجەم لایەنەکان نرا، دەشڵێت "سێ لایەنەکەی پێشووی ئۆپۆزسیۆن هەمیشە جەختیان لەسەر تەوافوق کردووەتەوە، ئەگەر بیر لەوە بکرێتەوە ئیحالەکردنی پرۆژەیەک بە شکستی پارتی ببینین، بە خەونیش شکستی پارتی نابینن، پارتی لە مەفرەزەیەکی پارتیزانییەوە دەستی پێکردووە کە ئەمڕۆ حوکمڕانی دەکات".
بەبۆچوونی نێوبراو، خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاساکانی تایبەت بە هەمواری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان، تێکدانی یەکڕیزی نیشتمانییە کە هەموو دامەزراوە و پۆستەکانی کورد لە بەغدا لەسەر ئەو تەوافوقە بنیات نراون.
سەبارەت بە بانگهێشتکردنی کۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنەکەی دوێنێی پەرلەماندا، شەهاب دەڵێت "ئەگەر وەکو هاووڵاتییەک سەیری ئەم پرۆسەیە بکەم، بەرنامەی کاری ئەمڕۆ(دوێنێ) تەنها بۆ ئیحالەکردنی پرۆژەیاساکان بووە بۆ لیژنەیەک، من نازانم بانگهێشتکردنی ئەم هەموو خەڵکە بۆ شاهێدی پێدانی وەرەقەیەک لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بۆ لیژنەیەک بۆچییە. ئەوان ویستیان شاهید پەیدا بکەن بۆ ئەوەی بڵێن، پارتی بە شێوازێکی دی رێگری لە پرۆسەی دیموکراتی دەکات. ئێمە ئەو بیروبۆچوونانەمان باتڵ کردووە و پارتی ئەوەندە گەورەیە بە ئیحالەکردنی ئەو پرۆژەیە ناشکێ".




