سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی: ئەوەی ئەمڕۆ لە پەرلەماندا ڕوویدا، تەنها لە بەرژوەندیی دوژمنی میللەتی کوردە.. لە قۆناغی بوونەدەوڵەتدا میللەت پێویستی بە سەرکردەیەکی خودانکاریزما و مێژوودار ھەیە

دهۆک -KDP.info- بەرپرسی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بادینان رایگهیاند، تێکچوونی سازانی نیشتیمانی تەنها لە بەرژوەندیی دوژمنی کوردە و، جێبەجێکردنی ئەجیندای وڵاتانی ھەرێمییە دژی سەربەخۆییی کوردستان؛ دەیشڵێت، دەبا میوانداریکردنی کۆنسووڵەکان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و، دەوڵەتی کوردستان بووایە، نەک بۆ تێکدانی سازانی نیشتمانی؛ دیارە ئیرادەیەکی سیاسی ھەیە دەیەوێت دۆخەکە تێک بدات.
(غازی سەعید) بەرپرسی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بادینان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دواکۆبوونەوەی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیدا ھەڵوێستی ئێمە ئەوە بوو کە ھیچ کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان بەبێ سازانی نیشتیمانی نەکرێت، بەڵام بە پێچەوانەی بڕیاری سەرکردایەتی و مەکتەبی، سیاسی چەند پەرلەمانتارێکی ئێمە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری و گوشار و، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بەشدارییان کردووە بەبێ ئەوەی سازانی نیشتیمانی کرابێت، بۆیە ئێمە لە بادینان تەواو نیگەرانین لەو بەشداریکردنە، لەبەر ئەوەی نەدەبا لە کۆبوونەوەیەکی وادا بەشدارییان کردبا کە سازانی نیشتیمانی تێک دەدات."
(غازی سەعید) گوتیشی: "تێکچوونی سازانی نیشتمانی تەنها لە بەرژوەندیی دوژمنی میللەتی کوردە؛ ئەوانەی پێیان ناخۆشە کوردستان ببێتە دەوڵەت؛ ئەجێندای ئەو وڵاتانەی ناوچەکەیە کە دەستکەوتەکانی کوردستانیان پێ ناخۆشە."
بەرپرسی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان گوتیشی: "ھێنانی کۆنسووڵەکان بۆ ناو کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، ئەوەی دەگەیاند کە کوردستان قەیرانی تێ کەوتووە کەچی ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە و، هەلێکی گەورەی بۆ هەڵکەوتووە."
(غازی سەعید) ڕوونیشی کردەوە، جێگەی سەرسوڕمانە لە کۆبوونەوەیەکی وەھادا کۆنسووڵی وڵاتان میوانداری دەکرێن، ئەگەر ئەو داوەتکردنە بۆ سەربەخۆییی کوردستان بووایە، بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بووایە ئاسایی بوو، بەڵام بۆ تێکدانی کوردستان و سازانی نیشتمانی، جێگەی نیگەرانییە، دیارە كه ئیرادەیەکی سیاسی ھەیە دەیەوێ دۆخەکە تێک بدات."
ئەوەشی خستە ڕوو، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر کار دەکاتە سەر دۆخی کوردستان و دەستوور و، و تەنانەت سەربەخۆییی کوردستانیش؛ دیارە دەیانەوێت سەرۆکی ھەرێم ھیچ دەسەڵاتێکی نەبێت؛ دیارە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی هەرێم لەبار ببەن؛ ئاخر بێدەستەڵاتکردنی سەرۆکایەتی کەڵکی چییە؟ پێویستە سازان بکرێت و، یەکڕیزی بپارێزرێت و، سەرۆکی ھەرێم دەستەڵاتی هەبێت.
بەرپرسی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە بادینان ھێمای بەوەش کرد، ھەر وڵاتێک کە سەربەخۆییی وەرگرتووە یاخود ھەنگاوێکی گرینگی لەو بوارەدا ناوە، سەرکردەیەکی بەھێز و کاریزمایان ھەبووە، وەکو (ماندێلا) لە ئەفریقای خواروودا، (گاندی) لە ھیندستاندا؛ خۆی لە قۆناغی بوونەدەوڵەتدا میللەت پێویستی بە سەرکردەیەکی خودانکاریزما و مێژوودار ھەیە، نەک ئەو پڕۆژەی نازانین کوردستان بەرەو کوێ دەبات و، کوردستان تووشی چ قەیرانێک دەکات، بۆ کوردستان خاوەن سەرکردەیەکی بێهێز بێت؟! ئەمە جێی گومانە.
بڵند ئیبراھیم




