٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پەروەردە: ئەوەی قۆپیەی كردووە دەهێڵدرێتەوە.. پڕوپاگەندەی بێبنەما دژی وەزارەت دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە غەشیان لێ گیراوە و هەموو وانەكانیان بە كەوتوو بۆ هەژمار كراوە، بۆ شاردنەوەی تەمەڵی و غەش و نووشستییەكانیان، گەورەترین پڕوپاگەندە دژی وەزارەت دەكەن.


وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیێندراوێكدا كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی نێردراوە، ئاماژەی داوە كە، هەردەم وەزارەتی پەروەردە لە كاتی تاقیكردنەوە نیشتمانی و وەزارییەكانی قوتابیان و خوێندكاراندا، زۆرترین شمشێر و خەنجەری لێ تیژ كراوەتەوە بۆ دژایەتیكردنی و ئەمساڵیش كەسانی غەشاوی و تەمەڵی نێو پڕۆسەی تاقیكردنەوەكان و ئەو كەسانەیش كە لە دەرەوە بە مەبەستی بازرگانی پشتی غەشكاران دەگرن، كەوتوونەتە تەقە لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە گوایا ئەمساڵ غەشكردن زۆرتر بووە.
هەر لەراگەیێندراوەكەدا هاتووە، پێویستە لەمەودا كەمێك بە ویژدانەوە ئەگەر مابێت لەم پرسە بڕوانرێت و لۆجیكیانە بیر لە بابەتەكە بكرێتەوە، چونكە زۆرێك لە بەكاربەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بە تایبەتیش بەكاربەرانی فەیسبووك، دەستیان بە درۆ و بووختان كردووە لەسەر وەزارەتی پەروەردە و وەزیرە بەڕێزەكەی، ئەمە لە كاتێكدایە كە (د. پشتیوان سادق) تاكە وەزیری نێو هەموو كابینەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمە كە سەرەڕای بوونی لیژنەی باڵای بەدواداچوونی تاقیكردنەوەكانی وەزارەت، لیژنەی تایبەتی هۆڵی تاقیكردنەوەكانیشی داناوە تا بەردەوام بەدواداچوون بۆ كێشە و ڕووداوی نەخوازراو بكرێت و پێشی غەش و نادادپەروەری لە هێنانی نمرە بگرێت.
ئەوەیش خراوەتە ڕوو، بەڵێ ئەمساڵ لە چاو ساڵانی ڕابردوو پرسی غەشكردن زیاتر دەنگی داوەتەوە، چونكە ئەمساڵ ڕێژەی بەكاربەرانی فەیسبووك لە هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوو زیاترە و بەم پێیەیش دەنگدانەوەی كێشە و دیاردەكان لە ساڵانی ڕابردوویش زیاتر دەبێت.

لەراگەیێندراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا ئاماژەیش دراوە، ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە غەشیان لێ گیراوە و هەموو وانەكانیان بە كەوتوو بۆ هەژمار كراوە، بۆ شاردنەوەی تەمەڵی و غەش و نووشستییەكانیان، گەورەترین پڕوپاگەندە دژی وەزارەت دەكەن و بە پارە و پاڕانەوە داوا لە هاوڕێیانی فەیسبووكیان دەكەن تا پڕوپاگەندەكانیان شەیر و بڵاو بكەنەوە.
بەپێی هەمان راگەیێندراو، هۆكارێكی دیكەی جیددی و دیاری زیاتر دەنگدانەوەی ئەم غەش و قۆپییەكردنە، بۆ پێداگری و بەدواداچوونی زیاتری وەزیری پەروەردە دەگەڕێتەوە كە بەردەوام پێداگری لەسەر ئاشكراكردن و لێپێچینەوەی غەشكاران و یارمەتیدەرانیان دەكاتەوە و بە دڵنیاییشەوە سزا و كەوتنی تەواوەتی بۆ دیاری كردوون، بۆیە لە چاو ساڵانی ڕابردوو ئەم پرسە زیاتر دەنگی داوەتەوە.
لە كۆتاییدا ڕوون كراوەتەوە، بە دڵنیاییەوە وەزارەتی پەروەردە بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتی، هەوڵی نەهێشتنی گەندەڵی لە هێنانی نمرە و دادپەروەری لە نێوان هەموو قوتابیان و خوێندكاران دەدات و لە بەرانبەریشدا پێویستە خەڵك و قوتابییە خەمخۆر و دەرسخوێنەكان بە ویژدانەوە لەم خەمخۆرییەی وەزیری پەروەردە بڕوانن و دڵیان بەوە خۆش بێت كە گەندەڵییەكان ئاشكرا دەكرێن و هەست بەوە بكەن كە مافی منداڵەكانیان نافەوتێت و لە بەرانبەردا ئەوەی كە غەشی كردووە بۆ ساڵی دواتر دەهێڵدرێتەوە و بەمەیش ڕێگە بۆ قوتابی و خوێندكارێكی دیكەی خۆماندووكەر و دڵسۆز واڵاتر دەبێت تا بە هیواكانی بگات.
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار