عەرەفات كەرەم: پێویستە هەرێم دوادەرفەت بداتە بەغدا

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پێویستە هەرێمی كوردستان تاوەكو جەژنی رەمەزان دوادەرفەت بداتە بەغدا بۆ ئەوەی ئەگەر بەشەبوودجەی هەرێم رەوانە نەكەن، هەڵوێستی كۆتایی خۆی رابگەیەنێت، ئەمەیش پێویستی بە هەڵوێستێكی یەكگرتووی لایەنەكان هەیە بۆ ئەوەی بەغدا هیچ لایەنێك وەكو كارتی گوشار دژی هەرێم بەكار نەهێنێت.
(عەرەفات كەرەم) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەڵوێست لە بەرانبەر هەڵوێستدا وەردەگیرێت، بۆیە تاوەكو ئێستا بەغدا هەڵوێستی فەرمیی نەبووە تاوەكو هەرێمی كوردستانیش هەڵوێستی هەبێت، بەڵام پێویستە هەرێمی كوردستان تاوەكو پێش جەژنی رەمەزان دوادەرفەت بدات بە بەغدا كە ئەگەر بەشەبوودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە نەكەن، هەڵوێستی كۆتایی خۆمان رابگەیەنین".
(كەرەم) گوتیشی: "چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا هیچ ئەنجامێكی نابێت و بگرە لە ڕووی دیپلۆماسییەوە زیانیشی دەبێت، بۆیە پێویستە بزانرێت ئەگەر بەغدا پابەندی رێككەوتنی لەگەڵ هەرێمی كوردستان نابێت، هەڵوێست وەربگرین".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونیشی كردەوە، ئێستا زەمینە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكهەڵوێست بن لەو بارەیەوە، چونكە یەك لایەن دژ بێت ئەو كات بەغدا وەكو كارتی گوفشار بەرانبەر هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت.
ئەوەیشی خستە ڕوو، ئێستا باشترین كاتە هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت و كڕیاریشی دەبێت، لەبەر ئەوەی نەوتی هەرێم جۆرەكەی باشە و دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستانیش جێگیرە، هەروەها كۆمپانیاكانیش ئامادەن بە هەموو جۆرێك مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكەن لە ڕووی پێدانی نەوت پێیان و ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیایش ئامادەی كڕینی نەوتی هەرێمن.
بڵند ئیبراهیم




