٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆخی ئاوارەكانی دهۆك لە هەژارەكانی ناوخۆی هەرێم باشترە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاند، دۆخی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك زۆر باشە و حكوومەتی هەرێم بە جۆرێك هاوكاریی كردوون ژیانیان لە هەژارەكانی ناوخۆی هەرێم باشترە.

(ئیڤان زێباری) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە سنوری پارێزگای دهۆك ٢٠ كەمپی ئاوارەكان هەیە و هەر كەمپێكیش لە هەزار و ٥٠٠ خێزان كەمتر نییە، تەنانەت هەندێك كەمپ سێ هەزار خێزانی ئاوارەی تێدایە و هەموو پێداویستییەكیشیان بۆ دابین كراوە لە ئاو و كارەبا و پێداویستییەكانی دیكەیش".

(زێباری) گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی سنووری پارێزگای دهۆك هاوكاریی باشی ئاوارەكانیان كردووە، بە جۆرێك لە ئێستادا دۆخی ئاوارەكان لە هەژارەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان باشترە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕوونیشی كردەوە، "تەنانەت دۆخی ئاوارەكانی سنووری پارێزگای دهۆك لەچاو وڵاتانیش زۆر باشترە، لەبەر ئەوەی بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پێداویستییەكان تاوەكو ئێستا چەندین ئاوارە گیانیان لە دەست داوە، خۆشبەختانە تاوەكو ئێستا هیچ حاڵەتێكی لەو شێوەیە لای خۆمان ڕووی نەداوە، ئەمەش واتاكەی ئەوەیە هاوكاریی باشیان كراوە".

بەپێی ئامارێك، لە سنووری پارێزگای دهۆك ١٢٢هەزار خێزانی ئاوارە هەن، كە لە ٨٥٥ هەزار كەس پێك دێن و لە كەمپ و شوێنە جیاجیاكانی ئەو پارێزگایە نیشتەجێ كراون.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار