بە گوێرەی یاسا ھەرێم مافی سەربەخۆییی ئابووریی هەیە

بەغدا-KDP.info-ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، مادامەکینێ بەغدا پەیتاپەیتا ڕێککەوتنەکەی ھەولێر ـ بەغدا، پێشێل دەکا، ئەوا ھەرێم مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرۆشێت و، بە گوێرەی یاسا سەربەخۆییی ئابووری ڕابگەیێنێت.
حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنە داراییەکەی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی سێیەم بڕگەی مادەی یازدەهەمی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠١٥ـی عێراق، ئەگەر بەغدا پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ھەرێمدا، ئەوا ھەرێمیش چیدی خۆی بە پابەند نازانێت و، مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرۆشێت؛ جگە لەوە لە یاسای ژمارە پێنجی پەرلەمانی کوردستانیش، باس لەوە دەکات پێویستە ھەرێم ڕێگای دیکە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دارایی بۆ خۆی دابین بکات."
حاکم (سەرحان سلێڤانەیی) گوتیشی، ئێستا بە گوێرەی یاسا، ھەرێم مافی خۆیەتی نەوتی خۆی بفرۆشێت و، سەربەخۆییی ئابووری ڕابگەیێنێت و، لەوە زیاتر چاوەڕێی بەغدا نەکات ئاخۆ بوودجەی بۆ دەنێرێت یان نا؛ کە نەیشیناردووە.
بڵند ئیبراھیم




