دانانی پاڵاوتەیەک کەمبەنزینی لە دهۆک چارە دەکات

دهۆک-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک دەڵێت، باشترین چارە بۆ نەهێشتنی قەیرانی سووتەمەنی لە سنووری پارێزگای دھۆک، دروستکردنی پاڵاوتەیەکی گەورەیە، خۆی زەمینەکەیشی لەبارە و، ھەموو پێداویستیەکیش ئامادەن، هەر ماوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕازی ببێت.
(فەھیم عەبدوڵا) سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "جارێ دیار نییە بەنزینەکەی ئیمارات کەی دەگات؛ هەرچۆنێک بێت ئەمە چارەی یەکجارەکی نییە و، هەتا پاڵاوتەیەکی گەورە لەو سنوورەدا دانەمەزرێنین، کێشەکە نابڕێتەوە."
(فەھیم عەبدوڵا) گوتیشی، زەوی ئامادەیە و، سەرمایەدارەکانی دھۆکیش ئامادەنە، ئەو پاڵاوتەیە دروست بکەن و، ھیچ پارەی حکوومەتیشی پێویست نییە؛ هەر ئەوەندەی ماوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ ئەوەی دروست بکرێت و، قەیرانی کەمبەنزینی ببڕێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




