٤٠%ـی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر تەواو بووە

هەولێر-KDP.info-ئەوە ساڵێکە ناوی قەڵای هەولێر خراوەتە نێو لیستی كولتووری جیهانەوە؛ بەو بۆنەوە لە سەر قەڵات ئاهەنگ و ڕێورەسمی تایبەت ساز دەكرێت.
(خالید جەمیل) بەرپرسی لیژنەی یەكەم ساڵوەگەڕی ناونووسکرانی قەڵای هەولێر لە لیستی كولتوری جیهاندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم ڕۆژی پێنجشەممەیە (٢٦/٥/2015) ڕێک ساڵێك دەبێت ناوی قەڵای هەولێر خراوەتە لیستی كولتووری جیهانەوە؛ بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ و ڕێورەسمێكی تایبەت لەسەر قەڵات ساز دەكرێ."
(خالید جەمیل) گوتیشی: "لەو بۆنەیەدا کونسووڵی هەموو وڵاتان داوەت كراون، بێجگە لەوان كەسایەتییە هەولێرییەکان و بەرپرسە ئیدارییەکانی هەولێر ئامادە دەبن."
ئەو بەرپرسە ئەوەی خستە ڕوو لەو ڕێورەسمەدا پێشانگایەكی فۆتۆیی سەبارەت بە قەڵا دەكرێتەوە و لە ماڵی چەلەبیدا بەسەرهاتی كەڵەپیاوەكانی هەولێریش نمایش دەكرێت.
(خالید جەمیل) گوتیشی: ڕێژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر ٤٠%ـی تەواو بووە و كاركردنیش بەردەوامە.
قەڵای هەولێر 6هەزار ساڵ تەمەنیەتی و یەكێكە لەو شوێنەوارەی كۆنانەی جیهان ژیانی تێدا بەردەوامە؛ بۆیە پار یونسكۆ خستیە نێو لیستی كولتووری جیهانەوە.
یەحیا سابیر




