٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئامادەکاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆلێرا دەستی پێکرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-لە هەولێر دووەم  كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو، كە تایبەت بوو بە چۆنیەتیی بەرەنگار بوونەوەی پەتای ڕەشەسكچوون (كۆلێرا) كە هەموو ساڵێك لەم ساتەوەختە و بەهۆی گەرمای توند سەر هەڵدەدات.

بەسەرپەرشتی  (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی  سەر بە  سنووری پارێزگای هەولێر، دووەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پاراستن و چاككردنی ژینگەی پارێزگای هەولێر بەڕێوە چوو، كە تایبەت بوو بە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڕەشەسكچوون (كۆلێرا) كە هەموو ساڵێك لەم ساتەوەختە و بەهۆی گەرمای توند سەر هەڵدەدات، پارێزگاری هەولێر هەموو ئامادەكارییەكی ڕاگەیاند و داوای كرد هەموو ئیجرائاتەكان سەبارەت بە كۆنتڕۆڵی تەواوی ئەم پەتایە بگرنە بەر، بەتایبەت لەبواری ڕێگەگرتن لەهەموو سەرپێچییەكانی تایبەت بە ئاوی پاك و خواردنەوە، نەهێڵدرێت دەستدرێژی بكرێتە سەر تۆڕەكانی ئاو لە پایتەخت.
هەروەها پارێزگار جەختیشی کرد کە كلۆری پێویستیش بكرێتە ناو ئاوی بیرەكان، تەئكیدیش كرایەوە لەسەر ڕێگەگرتن لە بەكارهێنانی سەنگاو و پاشەڕۆ بۆ ئاودانی سەوزە كە كاریگەری تەواوی هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای ڕەشەسکچوون، جەختیش كرایەوە سەر بڵاوكردنەوەی ڕۆشنبیریی دەستشووشتن و دووركەوتنەوە لە خواردەمەنییەكانی سەر شەقام، كە سەرچاوەی سەرەكی گواستنەوەی ئەم نەخۆشیەن، ئەوەش ڕاگەیێنرا كە لە هەموو نەخۆشخانەكانی پایتەخت تاقیگەی تایبەتی هەیە بۆ دەستنیشانكردنی ئەو پەتایە، پاشان چارەسەری تەواو بە نەخۆش دەبەخشرێ‌، باس لەوەش كرا كە لەماوەی ساڵی ڕابوردوو و ئەمساڵیش هیچ كەسێك بەهۆی پەتای  ڕەشەسكچوون و كۆلێراوە نەمردووە  هۆكاریش بۆ ئەم هەوڵانەی لایەنی پەیوەنداری پارێزگای هەولێر دەگەڕێتەوە و هەموو ساڵ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە ئامادەسازی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە دەكرێت.
لەلایەكی دیكەوە ئاماژە بۆ ئەوە كرا كە ژمارەی ڕەوتی ڕەشەسكچوون لە چاو پار كەمترە، هەروەها بە شێوەیەكی گشتیش ڕێژەی پیسبوونی ئاو كەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، جیا لەوەش تیشك خرایە سەر توندتركردنی پشكنینی خواردنی چێشتخانەكان و شوێنە گشتییەكان.
دواجار تەئكید كرایەوە سەر هەندێ‌ خاڵی دیكەی وەك گواستنەوەی زبڵ و خاشاك بە بەردەوامی و پاككردنەوەی حاوییەكانی زبڵ.
 

هەواڵی پەیوەندیدار