٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كاكەمین نەجار: بۆ ئەم قۆناغە پێویستمان بە سەرۆكێكی وەك كاك مەسعوودە.. هێڵی سوورمان بۆ هیچ پرسێک نییە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (كاكەمین نەجار) ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێری پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە (سەرۆك بارزانی)ـیە، چونكە ئەو ماوەیەكی دوورودرێژە لەناو سیاسەتدایە و پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ دونیای دەرەوەیشدا هەیە، بۆیە بە بڕوای من ئەمڕۆ پێویستمان بە سەرۆكێكی وەك (كاك مەسعوود)ـە".

(كاكەمین نەجار)، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی هەولێری پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ئێستادا یەكێك لەو بابەتانەی گەرموگوڕن لە كوردستاندا پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمە، ئەویش لە 20/8/2015 كاتی تەواو دەبێ و بەپێی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەبێ دوو مانگ پێش وادەی تەواوبوونی سەرۆكایەتی، سەرۆكی هەرێم داوای هەڵبژاردن لە پەرلەمان بكات، سەرۆكی هەرێمش ئەوەی كردووە و ئێستا دەمێنێتەوە پەرلەمان و كۆمیسیۆن، ئایا ئەوان دەتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن یان نا، كۆمیسۆنیش ناتوانێ وەك ئەوەی كە گوێمان لێ بوو رایانگەیاند كە ناتوانن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن لەبەر ئەوەی بوودجەیەكی زۆری دەوێت و لە هەمان كاتیشدا كۆمیسیۆن كارمەندی نییە، هێشتا كۆمیسیۆن نەكەوتووەتە سەر پێ و كەموكوڕییەكانیان تەواو نەبوون، ئەگەر كۆمیسیۆن ئامادەیش بێت نزیكەی چوار مانگی دەوێت تا هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، بە بڕوای من كۆمیسیۆنی ئێمە بە شەش مانگی تریش ناتوانێ ئامادە بێت، كە نەشتوانن هەڵبژاردن بكرێت، دەبێت ئەوە بزانین و فێڵ لە خۆمان نەكەین هەموو كوتلەكانی پەرلەمان لای حزبەكانی خۆیان بۆچوون وەردەگرن، بۆیە دەبێ حزبە سیاسییەكان سازانی سیاسی بخەنە بەرنامەوە و لە پەرلەمان یاساكە هەموار بكرێتەوە و چارەی ئەم پرسە بكرێت". 

(كاكەمین نەجار) گوتیشی: "بە بڕوای خۆم، ئێمە پێویستمان بە (سەرۆك بارزانی)ـیە، چونكە ئەو ماوەیەكی  دوورودرێژە لەناو سیاسەتدایە و پەیوەندییەكی زۆر فراوانی لەگەڵ دونیای دەرەوەدا هەیە و لەناو كوردستانیش شارەزاییەكی زۆر باشی هەیە، ژیانی خۆی لە پێناوی كوردستان بەخت كردووە، لەو كاتەی شەڕی داعش دەستی پێكردووە كە قەیران و كێشەی زۆرمان هەیە و كوردستان لە قۆناخێكی ئینتقالیدایە و دۆخی بەغدا خراپە و شەڕی داعش هەیە، ئەو هەموو كێشانەمان هەن، بۆیە ئەمڕۆ پێویستمان بە سەرۆكێكی وەك (كاك مەسعوود)ـە.

پێوەست بە كاندیدی لایەنەكان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش گوتی: "ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت بێگومان پارتی کاندیدی خۆی دەبێت ئەویش جەنابی (مەسعوود بارزانی)ـیە"، گوتیشی، "هەموو كەس ئازادە خۆی هەڵبژێرێت كە مەرجە یاساییەكانی تێدا بێت، تا ئێستایش هیچ حزبێك راینەگەیاندووە كە كاندیدیان هەبێت، بەڵام كە بووە هەڵبژاردن بە دڵنیاییەوە كێبڕكێ دەبێت و ئازادیشن كێ خۆی هەڵدەبژێت، با خۆی هەڵبژێرێت".
سەبارەت بە تەواوبوونی وادەی یاسایی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی دا: "پێشنیازی پارتی ئەوەیە لەگەڵ حزبە سیاسییەكان و پەرلەمان دابنشێت و بگەینە ڕێككەوتنێك، ئەوە پێشنیازی پارتییە كە نە بە تەنیا ئێمە پێمان دەكرێت سەرۆكی هەرێم دابنێین نە بە تەنیایش بڕیار دەدەین و نە هێڵی سووریشمان لەسەر هیچ پرسێك هەیە، بۆیە دەبێ گفتۆگۆ بكەین و ئەوەی لە بەرژەوەندیی گشتییشدا بێت، ئەوەمان پێ باشە".


تریفە ئازاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار