بەنزینەکەی ئیمارات هێشتا نەگەیشتووە.. پەرلەمان لە دواکەوتنەکەی دەکۆڵێتەوە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بڕیار بوو رۆژی هەینی بەنزین لە ئیماراتەوە بگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام چەند رۆژێك دوا دەكەوێت و هەر كاتێكیش گەییشت، قەیرانی كەمیی بەنزین چارە دەبێت.
ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان (بەیار دۆسكی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رۆژی چوارشەممە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كۆ بووینەوە و باسیان لەوە كرد كە رۆژی هەینی بەنزینی ئیماراتی دەگاتە هەرێمی كوردستان، بەڵام دواتر گوتیان كە چەند رۆژێك دوا دەكەوێت بە بێ ئەوەی هۆكارەكەی ئاشكرا بكەن".
(دۆسكی) گوتیشی: "هەر كاتێك ئەو بەنزینەی لە ئیمارات دێت بگاتە هەرێمی كوردستان، كێشەی كەمیی بەنزین چارە دەبێت، چونكە ئێمە خۆمان ٥٠%ـی بەنزین دابین دەكەین و ئەوەی دیكە لە دەرەوە دێتە هەرێمی كوردستان".
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، بڕیارە سبەی لیژنەكەیان لەبارەی كەمیی بەنزینەوە جارێكی دیكە كۆ ببێتەوە و تێیدا پرسیار ئاڕاستەی حكوومەت دەكەن، كە بۆ تاوەكو ئێستا بەنزین لە ئیماراتەوە نەگەییشتووەتە بۆ هەرێمی كورستان.
بڵند ئیبراهیم




