وەزیری بەرگریی فەڕەنسا سەردانی هەولێر دەکات.. بەم زووانە چەكی پێشكەوتوو دەگاتە هەرێم

فەڕەنسا-KDP.info- جێگری بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا رایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، وەزیری بەرگریی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و ژمارەیەكی زۆر چەكی پێشكەوتوو رادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن و بەرەكانی جەنگیش بەسەر دەكەنەوە. دەشڵێت، فەڕەنسا بەڵێنی داوە لە پاڵشتیكردنی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.
(عەلی دۆڵەمەڕی) جێگری بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارە (جۆن ئیف لۆدریان) وەزیری بەرگریی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری بەم زووانە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستاندا كۆ ببنەوە.
جێگری بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی خستە روو، بڕیارە لەم سەردانەدا وەزیری بەرگریی فەڕەنسا لەگەڵ خۆی ژمارەیەكی زۆر چەكی پێشكەوتوو لە جۆرەكانی میلان و دژەتانك و دۆشكە و گولـلە هاوەن رادەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن و هەروەها بەرەكانی جەنگیش بەسەر بكەنەوە.
هاوكات ڕوونیشی كردەوە، وڵاتی فەڕەنسا بەڵێنی داوە لە پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بانگهێشتی فەرمی سەردانی پاریسی كرد و لە كۆشكی ئێلیزی، لەگەڵ (فرانسۆ ئۆڵاند) سەرۆكی فەڕەنسا كۆ بوونەوە و تاوتووی چەندین پرسی گرینگ كرا بۆ یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەروەها دواتریش شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵدا سەردانی فەڕەنسایان كرد و هەمان بابەت تاوتوو كرا.




