حدكا و پەكەكە ڕێککەوتن

رۆژهەڵاتی كوردستان-KDP.info- بەرپرسی پەیوەندییەكانی حدكا رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ پەكەكەدا كۆ بوونەتەوە و لێكتێگەییشتنی باش هەبووە و كۆتایی بە كێشەكانی نێوانیان هاتووە، هەروەها لەسەر ئەوەیش رێككەوتوون لەمەودوا كۆسپ لە بەردەم خەباتی یەكدیدا دروست نەكەن.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حدكا (محەممەد ساڵح) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوێنێ بۆ سێیەم جار لەگەڵ پەكەكەدا كۆ بووینەوە و لێكتێگەییشتن هەبوو، كە بووە هۆی ئەوەی كۆتایی بە كێشەكانی نێوانمان بێت و كۆسپ نەخەینە بەردەم خەباتی یەكتری".
(ساڵح) گوتیشی: "هیچ رێككەوتنێكی واژۆكراو لە نێوانماندا نەبوو و تەنیا لێكتێگەییشتن بوو، ئێمەیش بڕوامان بەو رێككەوتنانە نییە كە زۆر جار لەسەر ئاستی وڵاتانیش دەكرێن، بەڵام بە گۆڕانی بەشێك لە هاوسەنگییەكان، رێككەوتنەكان هەڵدەوەشێنەوە".
بەرپرسی پەیوەندییەكانی حدكا ئاماژەیشی دا: "ئەوەی گرینگە كۆتایی بە كێشەی نێوانمان هات كە ماوەیەك پێش ئێستا ڕووی دا و بڕیار دراوە ئەگەر پێویست بكات لە داهاتوودا كۆبوونەوەی دیكەیش ئەنجام بدەین".
ماوەیەك پێش ئێستا، شەڕ لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی حیزبی دیكوكراتی كوردستانی ئێران و پەكەكەدا ڕووی دا، لە ئاكامیشدا پێشمەرگەیەك شەهید بوو و چەند پێشمەرگەیەكیش بریندار بوون، بەڵام دواتر بە دەستپێشخەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەردوو لا كۆبوونەوە و لە ئێستادا كۆتاییان بە كێشەكانی نێوانیان هێناوە.
بڵند ئیبراهیم




