٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ڕای لایەنەکانی کوردستان دەربارەی بەڵگەنامەکانی ویکیلیکس

سەرچاوە: KDP.info

 هەولێر-KDP.info-  بەپێی ژمارەیەك بەڵگەنامەی نهێنی كە ویكلیكس لەسەر وڵاتی سعوودیا بڵاوی كردوونەتەوە، ژمارەیەك سەركردەی عێراقی پەیوەندیی ژێربەژێریان لەگەڵ سعوودیادا هەیە و ئەوانیش پشتگیرییان لێ دەكەن، چاودێران و لایەنە سیاسییەكانیش لە هەرێمی كوردستان رای جیاوازیان لەو بارەیەوە هەیە و دەڵێن، پێویستە پەرلەمان لێكۆڵینەوە لەو بابەتە بكات بۆ ئەوەی بنبڕ بكرێت.

ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان (چنار سەعد عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چونكە یەكەم پرسێكی هەستیارە و دووەمیش ناتواندرێت بە ئاسانی خەڵك تۆمەتبار بكرێت، بەڵام من وەك خۆم نەك وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان، باوەڕم وایە کە بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندی كەسێك بە وڵاتێكی هەرێمی یان خود لایەنێكی سیاسییەوە بۆ عێراق و ناوچەكە جێی سەرسووڕمان نییە، هەر چەندە ئاسان نییە بە بێ بوونی بەڵگە هیچ لایەنێك تۆمەتبار بكەن".
گوتیشی: "راستییەك لە ناوچەكەدا هەیە كە عێراق زۆرترین دەستوەردانی وڵاتانی تێدایە و ئەو دەستوەردانەیش لە رێگەی كەس و لایەنەكانەوەیە، بۆیە ئەگەر ئەو بەڵگەنامانە راستیش بن، نۆڕماڵە".
(چنار) ڕوونیشی كردەوە، بوونی ئەو پەیوەندییە هۆكارێكە بۆ ململانێی ئێستا كە لە عێراقدا هەیە، چونكە ئەو ململانێیە زیاتر لەنێوان باڵی سوننە و شیعەیە، بۆیە ئاساییە وڵاتانی دراوسێ هەر یەكە و بیەوێت لە ڕووی مەزهەبییەوە بە لای خۆیدا دۆخەكە بشكێنێتەوە و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكات یاخود بە نهێنی پاڵپشتییان بكات بۆ ئەوەی شەڕی لایەنەكەی دیكەیان پێ بكات كە ئەمە لە عێراقدا هەیە.

ئەوەیشی خستە ڕوو، لە ئێستادا بەرژەوەندییە سیاسییەكان زیاترن لە بەرژەوەندییە مەزهەبییەكان، بەڵام مەزهەب كراوەتە هۆكار بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی وڵاتانی دەوروبەری خۆیان بكەن.
لای خۆیەوە، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (سەمیر سەلیم) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دەستوەردانی وڵاتان لە كاروباری عێراق شتێكی شاراوە نییە لەلایەن ئەمەریكا و یوئێنیشەوە، بۆیە ئەگەر عێراقییەكان خۆیان ئامادەی دەستوەردان نەبن، ئەوا كاریگەرییان نابێت".
(سەلیم) گوتیشی: "ئێمە وەكو كورد زەرەرمان نییە عێراق بەرەو پارچەبوون بڕوات و پەرلەمانیش ئەوە نییە بتوانێ بڕیار لەسەر پێكهاتەكان بسەپێنێت و كاریگەریی هەبێت، بەڵام بوونی ئەو دەستوەردانە كاریگەریی نەرێنیی زۆری بۆ سەر عێراق و داهاتووی ئەو وڵاتە هەیە و، پێم وا نییە عێراق بۆ دۆخی جارانی بگەڕێتەوە، لەبەر ئەو دابڕانەی لەنێوان گەلانی عێراقدا هەیە و دووەم ئەگەر وڵات پارچە بوو وەكو سۆڤیێتی جاران و یوگسلافیای جارانی لێ دێت؛ سۆڤیێت دەوڵەتێكی نیشتیمانی نەبوو، بەڵام نەتەوەی جیاوازی تێدا بوو كە ببووە مایەی پارچەبوون".

هەر لەو بارەیەوە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (سەعدی ئەحمەد پیرە) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو بەڵگەنامانە پێویستیان بە لێكۆڵینەوە هەیە، بۆیە قسەكردن پێش لێكۆڵینەوە خراپە، بەڵام لە عێراقی دوای رژێمی بەعسدا هەوڵدان هەیە بۆ دەستوەردان و، رەنگە هەندێك بۆ دەستوەردانی دیكە بەكار بهێندرێن، بۆیە من پێم باشە كە بۆ ئەم پرسە پەرلەمان لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك بهێنێت ئەو كات رای لەسەر بدرێت، چونكە ئەمە پرسێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە لە عێراقدا".
(پیرە) گوتیشی: "ئەو كەسانەی پاسپۆرتی وڵاتێكی دیكەیان هەیە ناتوانن ببنە باڵیۆز لەو وڵاتانەدا، لەبەر ئەوەی ناتوانن لە نێوان دوو بەرژەوەندیی بڕیار بدەن كە خەمی بۆ كامەیان هەیە، بۆیە بوونی ئەو پەیوەندییە رەنگە زۆر جار لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانەدا بێت كە پەیوەندیی پێیانەوە هەیە، لەبەر ئەوە پێویستە پەرلەمان بێتە سەر خەت و لیژنەی لێكۆڵینەوەی بۆ دروست بكرێت تا ئەو جۆرە پەیوەندیانە بنبڕ بكرێن".
هاوكات بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان (محەممەد توفیق رەحیم) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لەبەر ئەوەی من خۆم بەڵگەنامەكانم نەبینوە، ناتوانم رای خۆمی لەسەر بدەم".
بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار