پەرلەمان شوێنەوارەكان بە یاسا ڕێك دەخات

هەولێر-KDP.info-تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان یاسایەك نیە بۆ پاراستنی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێم، بەوەیش مەترسی لەناوچوونی سەدان شوێنەوار دەكرێت، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان دەڵێ: ئامادەكاری كراوە، لە خولی داهاتووی پەرلەمان پڕۆژە بۆ یاسای شوێنەوارەكان ئامادە دەكرێت.
(د. ڤالا فەرید) سەرۆكی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە لیژنەی یاسا باسی یاسای شوێنەوارەكان كراوە، بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی ڕۆشنبیری باس كراوە، ئەو خولە تەنیا حەفتەیەكی ماوە و پەرلەمان دەچێتە پشوو، لە خولی داهاتوو یەكێك لەو بابەتانەی كە دەبێت پرۆژەی بۆ ئامادە بكرێت یاسای شوێنەوارەكانە."
(د. ڤالا) ئەوەشی گوت: "یاسای شوێنەوار گرینگی خۆی دەبێت، چونكە هەرێمی كوردستان بە شوێنەوار و مێژوو ناسراوە، بە تایبەتی هەولێر كە وەك پایتەختی گەشتیاری ناسێنرا؛ بۆیە بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان زۆر گرنگە یاسایەك هەبێت، زۆربەی وڵاتان، بەتایبەتی وڵاتە شارەستانەکان گرنگیەكی زۆر بە شوێنەوار دەدەن و شوێنەوار بۆیان بووەتە داهات، شوێنەوارەكان سەر بە حكوومەت و بۆ بینی ئەو شوێنەوارانە دەبێت بڕێك پارە بدەی، نەك وەك لای خۆمان كە بەبێ پارە دەتوانی هەموو شوێنەوارەكان ببینی، كە ئەوەیش دەبێت داهات بۆ حكوومەت."
ڕابین شێروانی




