٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەی لیژنەی دارایی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە كۆ دەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوای ئەوەی نرخی دۆلار بە شێوەیەكی بەرچاو بەرانبەر دیناری عێراقی بەرز بووەوە و پاشان بانكی ناوەندی چەند رێكارێكی بەپەلەی گرتە بەر بۆ دابەزینی نرخی دۆلار، لە ئێستادا بەرەدەوام دۆلار لە دابەزیندایە، ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت، ئەگەر بەغدا هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە، دەتواندرێت نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی بگەیندرێتە ئاستی جاران.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (حاكم سەرحان سلێڤانەیی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دابەزینی نرخی دۆلار بۆ ئەو رێكارانە دەگەڕێتەوە كە بانكی ناوەندی گرتوویەتە بەر، بۆیە ئەگەر هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە دەتواندرێت بگەیندرێتە ئاستی جارانی كە ١٠٠دۆلار بەرانبەر ١٢٠هەزار دیناری عێراقی بوو".

(سلێڤانەیی) گوتیشی: "ئەگەر نرخی دۆلار بە بەرزی بمێنێتەوە، كێشەی گەورە بۆ عێراق دروست دەبێت، چونكە ناكرێت پارەی عێراق بەرانبەر دراوەكانی دیكە وەها بێبەها بێت.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیشی كردەوە، "بڕیارە سبەی لیژنەكەمان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كۆ ببێتەوە، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ ئەو كێشەیە لەگەڵ بانكی ناوەندی بدۆزینەوە، چونكە ناكرێت دۆلار بەم شێوەیە نرخەكەی بەرانبەر دیناری عێراقی بەرز بێت".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار