حەشدی شەعبی رێگەی نەدا ئاوارەكانی سەعدییە بگەڕێنەوە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، بڕیار بوو ئەمڕۆ ٢٣٥ماڵی ئاوارە بگەڕێنەوە سەعدییە، بەڵام لەلایەن حەدشی شەعبییەوە رێگەیان لێ گیراوە و دەرفەت نەدراوە بچنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەمەیش بە بیانووی ئەوەی كە بە بێ پرسی ئەوان گەڕاونەتەوە.
بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دوێنێ لیستێكی ٢٣٥خێزانی ئامادە كرا بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ئەو خێزانە ئاوارانە بگەرێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان لە سەعدییە و بەیانی ئەمڕۆ سەعات حەوتیش بەڕێوەبەری ناحیە لەگەڵیان چوو بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام لەلایەن بازگەی حەشدی شەعبییەوە رێگەیان لێ گیرا و دەرفەت نەدرا بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵەكانیان، بۆیە بەشێك لەو ئاوارانە جارێكی دیكە گەڕانەوە خانەقین".
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتیشی، بیانووی حەشدی شەعبی ئەوەیە كە بە بێ پرسی ئەوان گەڕاونەتەوە و ناكرێت بە پرسی هیچ لایەنێك جگە لە ئەوان، بگەڕێنەوە.
گوتیشی، ئەمە پێشینەیەكی مەترسیدارە و لە ئێستادا جگە لەوەیش كە خەندەق بە دەوری سەعدییەدا لێدەدەن بە بیانووی پشتێنی ئەمنی، بەڵام ئەمە جیاكردنەوەی سەعدییەیە لە ناوچەكە.
بڵند ئیبراهیم




