٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

١٧ كه‌س له‌برسان مردوون.. بەرپرسی بۆمبە چێندراوەكانی داعش كوژرا

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ دۆخی مووسڵ رایگەیاند، لە نەخۆشخانەكانی شاری مووسڵ بە هۆی بەردەوامیی دیاردەی برسێتییەوە رۆژانە خەڵك گیان لە دەست دەدەن و تەنیا ئەمڕۆیش 17 كەس گیانیان سپاردووە. دەشڵێت، بەرپرسی بۆمبە چێندراوەكانی تیرۆریستانی داعش لە باشووری شاری مووسڵ كوژراوە.

(سەعید مەموزینی) بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا دێت دیاردەی برسێتی لە شاری مووسڵ پەرە دەستێنێت و ڕۆژانە خەڵك بەو هۆیەوە گیان لە دەست دەدەن".
(مەموزینی) گوتیشی: "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، لە نەخۆشخانەی كۆماریی شاری مووسڵ زیاتر لە 17 كەس بە هۆی برسێتییەوە گیانیان لە دەست داوە".

دەشڵێت، لەلایەكی دیكەوە تەرمی پێنج تیرۆریستی داعش بە كوژراوی لە پردی پێنجەمینی شاری مووسڵ دۆزرایەوە، كە نیشانەی گوللە بە جەستەیانەوە دیاربوو.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی 14ـی پارتی ئاماژەیشی دا، لە بازگەی عەقرەب لە باشووری شاری مووسڵ، بە هۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەكەیدا، بەرپرسی بۆمبە چێندراوەكانی داعش بە ناوی (ئیحسان ئەحمەد) كوژراوە.
هەژار مەموزینی

هەواڵی پەیوەندیدار