٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەعبان: چوونی هه‌ردوو شاندی هەرێم و كەركووك بۆ بەغدا بێئاكام ده‌بێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، باشترین رێگا كە هەرێمی كوردستان بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی بیگرێتە بەر ئەوەیە كە، نەوتی خۆی و كەركووك بفرۆشێت و بوودجەی پێ دابین بكات و هیچی دیكە نەوت رادەستی بەغدا نەكرێت. دەشڵێت، "هیچ كێشەیەكمان بۆ دروست نابێت، چونكە زۆر كۆمپانیا ئامادەن بە هەر جۆرێك هەرێم بیەوێت، نەوتمان  لێ بكڕن".

(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان چەند نەوتی خۆی رادەستی بەغدا بكات، ئەوان لە ٥٠٠ ملیار زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە ناكەن و بە چوونی شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا گەشبین نیم، بەڵام رەنگە ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە دوایین داواكاری بێت، وەلێ چارەسەری قەیرانی ئابووری ئەوەیە فرۆشتنی نەوت لە دەست هەرێمی كوردستان خۆی بێت و، هه‌ڵبه‌ت هەرێمیش هەموو ئامادەكارییەكی بۆ ئەو مەبەستە كردووە".

(شەعبان) گوتیشی: "ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان گەییشتووەتە ڕادەیەك كە لەگەڵ داهاتی ناوخۆ ٩٠%ـی بەشەبوودجەی هەرێم دابین دەكات، كە ئەوكات بە ئاسانی مووچەی هەرێمی كوردستان هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا دەدرێت".

جێگری سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان راشیگەیاند، بەغدا نە بەشەبوودجەی هەرێم و نە كەركووك رەوانە ناكات، بۆیە ئەگەر شاندی كەركووكیش بچێتە بەغدا ئەنجامی نابێت، چوونی ئەو شاندانە تەنیا بۆ ئەوە باشە رای گشتی و ئەمەریكا و یوئێن لەوە تێبگەن هەرێم دوایین هەوڵی خۆی لەگەڵ بەغدا دا تا بگاتە رێككەوتن.

ئەوەیشی خستە ڕوو، "باشترین چارە ئەوەیە هەرێم نەوتی خۆی و كەركووك بفرۆشیت و بوودجەی پێ دابین بكات، پێویستە ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان بن، لەو ڕووەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و كڕیاری نەوت ئامادەن بە هەر جۆرێك ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین لە كڕین و فرۆشتنی نەوت، گرێبەست واژۆ دەكەن".

(دڵشاد) دەشڵێت، لە ئێستادا رێژەی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم رۆژانە نزیكەی ٦٥٠هەزار بەرمیلە كە دەتوانێ بیفرۆشێت و رۆژانەیش رێژەكە زیاد دەكات.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار