کەرتی نەوت لە عێراقدا مەترسیدارە..کۆمپانیاکانی نەوت دەترسن

بەغدا-KDP.info-کۆمپانیا جیهانییەکان ئەوانەی لەعێراقدا وەبەرهێنانی نەوت دەکەن، مەترسی راستەوخۆیان لە دەستخستنە نێوکاروباری نەوت لەلایەن میلیشیای شیعەدا هەیە و دەشترسن کە ئەو میلیشیایانە بیانڕفێنن و سەروەت و سامانیان بەهەدەر بدەن.
عێراق لەگەڵ ئەوەی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدایە، بەڵام جەنگێکی دیکەیش وا خەریکە بەرۆکی دەگرێت و نیشانەکانی دەرکەوتوون، ئەویش گەندەڵی و شکستهێنانی کەرتی نەوتە، ئەو نەوتەی سەرچاوەی داهاتی بژێوی گشت عێراقییەکانە. ئەگەرچی لەم هەفتەیەدا وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێ وا هەنگاو بەرەو هەناردەکردنی زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا دەنێین، بەڵام کۆمپانیاکانی بواری نەوت زۆر دوودڵن و دەترسن، ترسێک لە گەندەڵی کەرتی نەوت کە لەلایەن بەرپرسان بەهەوەستی خۆیان تەخشان و پەخشان بە پارەی نەوت دەکەن، ترسێکی دیکەیشیان لە میلیشیاکانی شیعەیە هەیە کە لەبریتی سوپا وا خەریکن دەیانەوێ دەستبخەنە نێوکاروباری کۆمپانیاکانیشەوە و بەبیانوی ئەوەی کە پاسەوانیان دەکەن.
کۆمپانیاکانی وەبەرهینانی نەوت لە عێراق بەجۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێدان کە ترسیان هەیە میلیشیا شیعیەکان بیانڕفێنن و تەنانەت دەستبەسەر پارەو سەروەت و سامانیان دابگرن و بەهەدەری بدەن، بۆیە ئەگەر ئەو بابەتە زیاتر وا تەشنە بکات، دوور نییە کەرتی نەوت لە عێراقدا دووچاری شکستێکی گەورە بێت.
سوود لە ماڵپەڕی economist وەرگیراوە.
چیاکۆ




