بەیعەتیان بە ئەمیر نەدا

مووسڵ-KDP.info-داعش ھەڕەشەی لە فەرمانبەران کردووە ئەگەر بەیعەت بە ئەمیری داعش نەدەن مووچەکەیان لێ دەبڕن، ئەوانیش مل نادەن.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تیرۆریستانی داعش ھەڕەشە لە فەرمانبەرانی پارێزگای مووسڵ دەکەن ئەگەر بەیعەت بە ئەمیری داعش نەدەن مووچەیان پێ نادرێت، بەڵام زۆرینەی فەرمانبەران بە تایبەت فەرمانبەرانی پزیشکی گوتوویانە لە برسانیش بمرن ئەو بەیعەتە ناکەن."
(سەعید مەموزینی) دەڵێ: "ئەمڕۆ داعش ١٨ ئافرەتیان گوللەباران کردووە کە ئامادە نەبوون ببنە مارەبڕی تیرۆریستانی داعش."
ئەوەشی خستە ڕوو، خەڵکی مووسڵ لەم ڕەمەزانەدا حاڵیان شڕە؛ گرانییەکە هەر مەپرسە و خەڵکیش خوازیارن کە بەزووی داعش لەو شارەدا وەدەربنرێت.
بڵند ئیبراھیم




