كۆمەڵی ئیسلامی: پشتگیری لە هەر هەنگاوێكی حكوومەت دەكەین بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا

سلێمانی-KDP.info- گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆكی حكوومەت و لایەنەكاندا، بۆ هەموو لایەنەكان ڕوون بووەوە كە ئەوە بەغدایە پابەند نییە بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغداوە، هەروەها كێشەی هەرێمیش بەو پارەیەی بەغدا ڕەوانەی دەكات، چارە نابێت.
(محەمەد حەكیم) گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەركردەی هەر پێنج حزبی ناو دەسەڵاتدا، كۆبوونەوەیەكی لەجێی خۆی بوو و لایەنەكانیش بەرچاویان ڕۆشن بوو، كە ئەوە بەغدایە پابەند نییە بە ڕێككەوتنەكەوە، هەروەها بە پێویست دانرا هەرێم نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت، بەڵام پاش گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا، كە هەرێم خۆی ئەو كارە بكات و چیدی لە ڕێگەی بەغدا و كۆمپانیای سۆمۆوە نەوت نەفرۆشێت، چونكە بەغدا پابەندی رێككەوتنی هەولێر و بەغدا نییە، كێشەی هەرێمیش بەو پارەیەی بەغدا ڕەوانەی دەكات، چارە نابێت".
(حەكیم) گوتیشی: "ئێمە وەك لایەنە سیاسییەكان، پشتگیری لە هەر هەنگاوێكی حكوومەتی هەرێم دەكەین بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا".
گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەیشی دا، "بڕیار نەدراوە هیچ لیژنەیەك ڕەوانەی بەغدا بكرێت، بەڵام حكوومەتی هەرێم (د. ڕۆژ) جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراقی ڕاسپارد، كە پەیامی حكوومەتی هەرێم بە بەغدا بگەیەنێت و هەوڵی چارەكردنی كێشەكان بدات".
ڕابین شێروانی




