٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەریتانیا: پێشمەرگە سەلماندی كە شایەنی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نێردەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش، لەمیانی سەردانی بۆ لای (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هێزەكانی پێشمەرگە كرد، كە توانیویانە شكۆی داعش بشكێنن و گوتی، پێشمەرگە سەلماندی كە شایەنی هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكە. لە بەرانبەریشدا، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هێرش و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاڵپشت و هاوكاری هەرێم بوونە و هیوای بەردەوامی و زیاتركردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی لە ئێستا و قۆناخەكانی داهاتوودا خواست.
(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازیی لە ژەنەڕاڵ (تۆم بەككێت) نێردەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆكوەزیرانی كرد.
لە دیدارێكدا (بەككێت) خۆشحاڵیی خۆی بە دیدار لەگەڵ سەرۆكوەزیران دەربڕی و باسی لە دواپێشهاتە ئەمنییەكانی ناوچەكە بە گشتی و بە تایبەتی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و بەردەوامیی مەشق و ڕاهێنانی تیمە سەربازییەكانیان بە هێزی پێشمەرگە و زیادكردنی ئەو مەشق و ڕاهێنانە، كرد.
هەروەها دەستخۆشیی لە پێشمەرگە كرد كە توانیویانە بوێرانە و چاونەترسانە ڕووبەڕووی دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهان ببنەوە و خەڵكی كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایینەكانەوە و بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن، هەروەك لە ناوەندەكانی مەشق و ڕاهێنانیشدا بە شێوەیەكی زۆر باش هەموو ئەو مەشقانە بە باشی جێبەجێ دەكەن كە پێیان دەدرێت. ئەو هەروەها باسی لە بارودۆخی ئەو ناوچانەی عێراقیش كرد كە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعشدان و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هاوپەیمانان و عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ لەناوبردن و بنبڕكردنی ترسی تیرۆر، بە پێویستییەك لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی نێردەی تایبەتی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ كاروباری ئاساییش لە هەرێمی كوردستانی كرد و، هیوای سەركەوتنی لە كارەكانیدا بۆ خواست. هەروەها سوپاسی حكوومەتی بەریتانیای كرد كە هەر لە سەرەتای دروستبوونی هێرش و هەڕەشەی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پاڵپشت و هاوكاری هەرێم بوونە و هیوای بەردەوامی و زیاتركردنی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی لە ئێستا و قۆناخەكانی داهاتوودا خواست.
دواتر باسی لە ڕەوشی ناوچەكە لە ڕووی ئاساییشەوە كرد و هیوای خواست ئەو هەماهەنگییە باشەی تا ئێستا لە نێوان هاوپەیمانان و هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەردەوام بێت و زیاتر پەرەی پێ بدرێت كە هۆكارێكی سەرەكیی تێكشكاندنی تیرۆر و بەرگرتن لە مەترسی و هەڕەشەكانیان بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار