پارتی: لەگەڵ ئەوەداین سیستمی حوكمڕانی پەرلەمانی بێت.. تاكە كاندیدمان سەرۆك بارزانییە

هەولێر-KDP.info- (مەحموود محەممەد) ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەڵێت، "پارتی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدایە، بەڵام دەمانەوێت سەرۆك ڕاستەخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت". جەختیش دەكاتەوە كە، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتی هەرێم تاكە كاندیدی پارتی (مەسعوود بارزانی)ـیە.
(مەحموود محەممەد)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندن، بۆ KNN گوتی: "لەگەڵ ئەوەداین سیستمی حوکمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا پەرلەمانی بێت، بەڵام گەل ڕاستەخۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێرێت.
پێوەست بە پرۆژەی لایەنەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش، (مەحموود محەممەد) ئاماژەی دا: "دەبوو لایەنەكان چاوەڕێی لیژنە 21 كەسییەكەی ئامادەكردنەوەی دەستوریان بكردایە و ئەوان لە دەستووردا ئەو كێشەیەیان یەكلا بكردایەتەوە.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی جەختیش دەكاتەوە كە، پارتیی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە و بۆ ویلایەتی داهاتووی سەرۆكایەتیی هەرێمیش، تاكە كاندیدی پارتی تەنیا (سەرۆك بارزانی)ـیە.




