لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا دەست بەسەر كۆمەڵێك ئامێری قۆپیەكردندا گیرا

هەولێر-KDP.info- بەپێی راگەیێندراوێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپییەكی بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان نێردراوە، لەگەڵ دەستپێكردنی ئەزموونە گشتییەكانی كۆتایی ساڵی پۆلی دوانزەیەمی ئامادەیی و تاقیكردنەوەی نیشتمانیی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، توانرا دەست بەسەر كۆمەڵێك ئامێردا بگیردرێت كە بۆ قۆپیەكردن بەكار دەهێنران.
بە گوێرەی راگەیێندراوەكە، سەرەڕای هەوڵەكانی وەزارەت، دیاردەی قۆپیەكردن بە رێگەی جیاواز لە چەندین ساڵی رابردووەوە تا ئێستایش درێژەی هەیە و لە تاقیكردنەوەكاندا بە مەبەستی بەدەستهێنانی نمرە پەنا بۆ ئەم كارە نەشیاوە دەبرێت. ئەم دیاردەیە لەكەیەكی گەورە لە ڕەهەندی زانستی و پەروەردەیی دەدات و ناهاوسەنگی دروست دەكات لە بنیادتنانەوەی كۆمەڵگە و دروستكردنی تاكی تەندروست و ئۆمێدبەخۆبوو لە پێشكەوتنی نیشتمانەكەماندا.
هەروەها تێیدا هاتووە، "هەر بۆ ئەم مەبەستەیش، ئەمساڵ جگە لە دەركردنی چەندین ڕێنمایی تایبەت بۆ چاودێریكردنی هۆڵەكانی تاقیكردنەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پەروەردە لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكان ئاگادار كراونەتەوە تا بە هاوكاری و هەماهەنگیی هێزەكانی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاساییش، ڕێوشوێنی باشتر و توندتر بگیردرێتە بەر لە پێناو بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندكاران. سوپاسگوزارانە، بە هەوڵی مامۆستایانی چاودێر و بەڕێوەبەرانی خۆشەویست و هێزەكان و هاووڵاتیانی خەمخۆر، توانرا زۆرێك لەوانەی كە هەوڵی قۆپیەكردن دەدەن و ئەوانەیش كە هاوكار و هاودەستیان بوون، بخرێنە بەر لێكۆڵینەوەی یاسایی توند و لەگەڵ دەركەوتنی دەرەنجامەكان ئەوانەی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن و هاوكاریی قۆپیەكەران بوون، توندترین سزا دەدرێن و لە سنووری وەزارەتی پەروەردەیش دوور دەخرێنەوە و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەو قوتابی و خوێندكارانەی كە پەنایان بۆ قۆپیەكردن بردبێت، سەرجەم وانەكانیان بە كەوتوو بۆ هەژمار دەكرێت".
ئەوەیش خراوەتە ڕوو، "بۆیە سەرجەم قوتابیان و خوێندكاران و خانەوادە بەڕێزەكانیان،دڵنیا دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لەسەر بنبڕكردنی ئەم دیاردە ناشارستانییە و ناهێڵین هیچ كەس بێ ماندووبوون و وەرگرتنی زانست و زانیاری و بە قۆپیە، شەونخونی و ماندووبوونی قوتابی و خوێندكارانی دەرسخوێن و خەخمۆر بۆ فێربوون، بە فیڕۆ بدات".
لە كۆتایی راگەیێندراوەكەدا ئاماژە دراوە، "سوپاسی خۆمان ئاراستەی هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاكانی ئاساییش دەكەین كە ڕێگر بوون لە بوونی هەر ڕووداوێكی نەخوازراو و سوپاسی سەرجەم ئەو دڵسۆزانە دەكەین كە لە ڕێگەی جیاوازەوە زانیاریی پێویستیان بە مەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی ئەم دیاردە نەشیاوە ئاڕاستە كردووین و بە هەوڵی ئەو بەڕێزانە نەبووایە، ئاسان نەبوو دەست بگیردرێت بەسەر ئەو ئامێرانەی كە بۆ قۆپیە بە كار دەهێنران".
بڵند ئیبراهیم




