٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دڵشاد شەهاب: لایەنە سیاسییەکان کۆکن کە دەستی حکوومەت کراوە بێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- (دڵشاد شەهاب)  ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ھەرێم دەستی کراوە بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە داراییەکانی و، تاکە ڕێگایش هەر فرۆشتنی ڕاستەوخۆی نەوتە؛ زۆر کۆمپانیایش ئامادەن بەبێ پرسی بەغدا نەوتی ھەرێم بکڕن.

(دڵشاد شەهاب) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی کابینەی حکوومەتی ھەرێم تایبەت بوو بە دیراسەکردنی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بەزمەی بەغدا بۆ هەرێمی ناوەتەوە؛ بەغدا گوایە لەگەڵماندا ڕێک کەوتووە کەچی هەر جارە و بە بیانوویەک هەقە بوودجەی کوردستان دەخوات. مانگ بە مانگ دیار دەبێت بەغدا پابەند نیە و ھیچ نیەتی پاک نییە بەرامبەر ھەرێم، ئەمەش حکوومەت دەخاتە ژێر بارێکی قورسی دارایی کە پێویست دەکات ھەرێم خەمی چارەکردنی ئەو دۆخەی بێت، بۆیە سەرۆکایەتیی حکوومەت بە پێویستی زانی ئەو پرسە لەگەڵ لایەنەکاندا باس بکات بۆ ئەوەی بگەنە دەرئەنجامێک کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکرێت کە ئاخۆ ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت یاخود لەگەڵ وەزعەکەدا بڕۆین."

(دڵشاد شەھاب) گوتیشی، بژاردەی ئێمە لەگەڵ بەغدا بژاردەی یەکەمە کە ھیوادارین ناچار نەبین جگە لە بەغدا بیر لەچارەی دیکە بیکەینەوە؛ خۆی حکوومەتی ھەرێم ھەر ھەنگاوێک بنێت لە ناچارییە ئەو دۆخەیە کە بەغدا دروستی کردووە و ئێمە ئەوەشمان بە کردار بۆ بەغدا سەلماندووە کە ماوەی دوو مانگە پابەندین بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا.
گوتیشی، ئەو بژاردەی ھەرێم دەیگرێتە بەر ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ نەوتی خۆی بە ئاگاداری بەغدا و بە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ بفرۆشێت و حکوومەتی ھەرێم ئامادەی پابەند بوونە بە ئەرکە سیادیەکانیش لەگەڵ بەغدا.


(شەھاب) ڕایشیگەیاند، نائومێد بووینە لە ھەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا، بەڵام تا ئێستایش ھیچ ئاماژەیەک نییە بەغدا پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکە.
ئەوەشی خستە ڕوو، ھەموو لایەنەکان کۆکن کە حکوومەتی ھەرێم دەستی کراوە بێت بۆ گرتنەبەری ھەر ڕێگایەک بۆ بەدەستهێنانی ماف داراییەکان و لە پێشی ھەموویشیان ئەوەیە کە خۆمان نەوتی خۆمان بفرۆشین کە تاکە ڕێگایە، بۆ ئەم مەبەستەی زۆر کۆمپانیا ئامادەیە نەوتی ھەرێم بکرێت، بەڵام دووپاتی دەیکەینەوە ئێستایش ئامادەین لەگەڵ بەغدا بگەینە ڕێککەوتن گەر ئەوان ئامادە بن.


بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار