٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتن نەبێ حکوومەت بۆ ژیان و بژێوی هاووڵاتیان رێگەی دی دەگرێتە بەر

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێم بۆ کاروباری نەوت و گاز لەگەڵ پێنج لایەنی سیاسی بەشداربووی کابینەی حکوومەت، جەخت کرایەوە ئەگەر بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان نەبێ ئەوا هەرێم بۆ ژیان و بژێوی هاووڵاتیان رێگەی دی دەگرێتە بەر.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ 17/6/2015 ئەنجومەنی هەرێم بۆ كاروباری نەوت و گاز لەگەڵ هەرپێنج لایەنی سیاسیی بەشدار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دوایین پێشهاتەكان لەبارەی گیروگرفتەكانی پرسی نەوت لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ خرانە ڕوو و تیشك خرایە سەر ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پابەندی ڕێككەوتنەكە و یاسای بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2015یه‌، بەڵام حكوومەتی عێراقی فیدرال، پابه‌ند نییە.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ داكۆكی له‌م خاڵانه‌ كرده‌وه‌:
1.   حكوومەتی هەرێمی كوردستان خوازیارە و ده‌یه‌وێت هەموو كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆ و له‌به‌ر ڕۆشناییی یاسای بودجه‌ی عیراقی فیدڕاڵ ـ ژماره‌ 2ی ساڵی 2015  چارە بكات، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و عیراقدایه‌.
2.   ئەگەر حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق به‌ یاسای بودجه‌ی عیراقی فیدڕاڵه‌وه‌ پابەند نەبێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچارە بۆ دابینكردنی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، بیر لە گرتنەبەری ڕێگەچارەی دیكه‌ی یاسایی بۆ چارەكردنی قەیرانی دارایی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی یاسای ژماره‌ پێنجی ساڵی 2013ی په‌رله‌مانی كوردستاندا.
3.   لایەنە سیاسییەكان پشتگیری لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ هەر بڕیارێك كه‌ لەپێناو چارەكردنی قەیرانی دارایی و ئابووری و دابینكردنی ژیان و بژێویی هاووڵاتیانی كوردستاندا دەیدات، به‌تایبه‌تی كه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆر و داڵده‌دانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، باری هه‌رێمی كوردستانی زۆر قورستر كردووه‌.
4.   دوای هەر بڕیارێكیش بۆ چارەكردنی قەیرانەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر خوازیاری ئەوەیە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە چارەسەر بكات، هیچ كاتێكیش حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیازی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌غدا نییه‌، چونكه‌ عیراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌هه‌ندێكی جوگرافی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، بازرگانی و سیاسییه‌.

هەواڵی پەیوەندیدار