بە تەواوەتی کێشەی کەمبەنزینی چارە دەکرێت

هەولێر-KDP.info- لەچەند ڕۆژی دابێ قەیرانی بەنزین لەھەرێمی کوردستان چارە دەبێت..ھۆکاری خراپی بەنزینیش بۆ بوونی ژمارەیەکی زۆری پاڵاوگەی نایاسایی دەگەڕێتەوە، کە جۆرێک لە نەوت تێکەڵ ئەو بەنزینە دەکەن و، کوالیتەکەی خراپ دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان (ھەڤاڵ مایی) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی تێدا ئامادەبوو ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەگەڵ لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان کۆبووینەوە کە سودێکی زۆری ھەبوو ئەوان پرسیاری خۆیان ھەبوو لەبارەی کێشەی بەنزین و ئێمە بۆ ئەوان ڕوونمان کردەوە کە ئێمە دوو سەرچاوەمان بۆ دابینکردنی بەنزین بۆ ھاووڵاتیان ھەیە، یەکێکیان خۆمان بەرھەمی دەھێنین و ئەوەی دیکەش لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت و، ئەوەی خۆمان ھەمانە بەشی نیوەی ھەرێم دەکات کە ٣ملیۆنو٢٥٠ھەزار لیترە و ھەرێمی کوردستان پێویستی بە ٦ملیۆن لیتر بەنزین ھەیە، پێشتر لەتورکیا بۆ مان دەھات ھیچ کێشەمان نەبوو، بەڵام ئێستا بەھۆی کێشەی دارایی گرێبەستەکەمان تەواو بووە لەگەڵیان بۆیە ئەوکێشەیە دروست بوو و ئێستا گرێبەستەکە نوێبۆتەوە وچاوەڕوان دەکرێت لەچەند ڕۆژی دابێ ئەو گرفتە چارە بێت.
(ھەڤاڵ مایی)گوتیشی، داوامان لەکۆمپانیاکان کردووە ٢٥ملیۆن لیتر بەنزیمان بۆ بێنن کە ھەندێک کۆمپانیا داواکاریان پێشکەش کردووە، بەڵام پێویستە ئەوکۆمپانیایانە بەنزین ھاوردە بکەن بەپێی ئەو کوالیتی ئێمە دەمانەوێت، کاتێک بەنزین دێت پێویستە لە سنوورەکان کە کوالیتی بەنزین ھەیە ڕێگری لەکوالیتی خراپ بکات و رێگانادرێت ھی خراپ بێت.
ھەروەھا گوتی، ھەندێک پاڵاوگەی نایاسایی ھەیە و جۆرێک لە نەوت دروست دەکەن و لەگەڵ بەنزین تێکەڵیان دەکرد ئێستا پێویستە ئەوە کۆنترۆڵ بکرێت و، ئەوەش ئەرکی پارێزگاکانە و، لە دھۆک ئەوانە داخراون و، پێویستە لە پارێزگاکانی دیکەش بە ھەمان شێوە دابخرێن.
(مایی) گوتیشی، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٨٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی ھەیە کە ڕۆژانە زیاد دەبن.
بڵند ئیبراھیم




