دەزگای بارزانی پێداویستیی بۆ 29 بنكەی تەندروستی و نەخۆشخانەی مێرگەسوور دابین كرد

هەولێر-KDP.info- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رێگەی ئۆفیسەكانییەوە لە سەرجەم كەمپی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی بەردەوام پێداویستی و خۆراك بۆ پەنابەران دابین دەكات، لەو میانەیەیشدا بۆ وەرزی هاوین خۆراك و پێداویستی بەسەریاندا دابەش كرد، هاوكات لە شارۆچكەی مێرگەسوور پێداویستیی تەندروستی درایە 29 بنكەی تەندروستی.
لە درێژەی كار و چالاكیەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ كەلوپەل و پێداویستی لە رێگەی ئۆفیسەكانیەوە بەسەر پەنابەرانی كەمپەكاندا دابەش كرد و، لەو میانەیەیشدا لە كەمپی هەرشەم لە دوو هەڵمەتدا بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە، پارسێلی خۆراكی مانگانەی بەسەر 300 خێزانی كەمپەكەدا دابەش كرد، كە هەر پارسێلێك پێك هاتووە لە (برنج و زەیت و ئارد و فاسۆلیا و شەكر و چا و نیسك و دۆشاوی تەماتە).
هاوكات لە كەمپی بەحركەیش، دەستی كرد بە دابەشكردنی جلوبەرگ بەسەر 750 خێزانی ئاوارەدا، لەگەڵ دابەشكردنی پانكە و جلیكان و حەسیر بەسەریاندا.
لەلایەكی دیكەشەوە، هەستا بە دابینكردنی پێداویستیی تەندروستی بۆ شارۆچكەی مێرگەسوور و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی ناحیەی بارزان، كە هەڵمەتەكە بریتی بوو لە دابینكردنی كەلوپەل و دەرمان بۆ 29 بنكەی تەندروستی و 3 بەشی فریاكەوتن لە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسوور.




